گەمارۆی داعش بەردەوامە ۲ هەزار سڤیلی دیکە لە داعش ڕزگار کران

لە دێرزوور شەڕڤانانی قەسەدە گەرمارۆی سەر داعشیان تەنگتر کردووەتەوە و نزیکەی ۲ هەزار سڤیل خێزانی داعشیان ڕزگار کرد و ژمارەیەک چەتەش خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کرد.

لە دێرزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی - قەسەدە، بەردەوامن لە سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی داعشدا و بەو هۆیەشەوە داعش-یان لە دوایین ساتەکانی شکستدانی نزیک کردووەتەوە. شەڕڤانان ماوەی هەفتەیەک زیاترە ڕۆژانە بە سەدان و هەزاران کەسی سڤیل لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگار دەکەن، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ و خێزانەکانی خودی چەتەکانن. لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ و ئەمڕۆ لە ناوچەی باغۆز، شەڕڤانان لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا دژ بە داعش، نزیکەی ۲ هەزار سڤیل و خێزانی داعشیان ڕزگار کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ کامپەکانی کۆچبەران لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا. هاوکات لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، گەمارۆی چەتەکانی داعش تەنگتر کراوەتەوە و ئەوەش ژمارەیەک لە چەتەکانی ناچار کردووە تا خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان بکەن.

لە ئێستا چەتەکانی داعش لە چەند سەد مەترێکی چوارگۆشەدا لە باغۆز گەمارۆ دراون و فەرماندە مەیدانیەکانی قەسەدە ڕایانگەیاندووە:"بەهۆی ئەوەی چەتەکان ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل، کە زۆربەیان ژن و منداڵن وەک بارمتە و قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو چەند سەد مەتر بە کاوەخۆ و هەستیارییەوە بەڕێوەدەبرێت".

 

هـ.هـ