بە دیمەن

١٢١ هەزار کەس کە بە هۆی مەترسیەوە ئاوارە بوون، لە هەرێمی ئارامدا نیشتەجێ کراون

شێخموس ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ٢٥هەزار خێزان واتە ١٢١هەزار کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی عەفرین- شەهبا لە هەرێمەکان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نیشتەجێکران و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد پشتیوانی لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەری بکەن.

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ٢٩ی تشرینی دووەم لە شەهبا وتل ڕفعەت، ژیانی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس کەوتە مەترسییەوە. بۆیە ئەنجوومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا لەپێناو پاراستنی گشتی دا بڕیاری گواستنەوەی ١٢١هەزار کەس بۆ هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرکرد. شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی کاروباری ئاوارەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پاڵپشتی هەرێمەکە بکەن. مەبەست تەنیا هاوکاری ماددی نییە.

لە تەبقە و ڕەقە دوو ناوەندی سەرەکی کرانەوە

 شێخمووس ئەحمەد وتی: "بۆ جاری دووەمە کە خەڵکی عەفرین ناچاردەکرێن ئاوارە بن و وتی، بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژیی زیاتر، گەلەکەمان گواستەوە بۆ هەرێمە پارێزراوەکان لە ژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ڕێکخراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەبارەت بە دۆخەکە، تیمێکی قەیرانیان بۆ هاوکاری لە گەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکان و ئاوارەکان داناوە و هەوڵدەدرێت کەموکۆڕی و پێویستیەکان بە شێوەیەکی گونجاوبە زووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکوو ئیستا زۆربەمان لە قوتابخانە، مزگەوت و یاریگاکان نیشتەجێ کردووە."

١٢١هەزار کەس ناچارکران کۆچ بکەن

 بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەران پێویست بە ڕێکخراوێکی کاریگەر هەیە. دەبێت لیژنەکانی پەیوەندیدار بە ئاوارەکان ئامادەکارییەکی باش بکەن. پێویستە  لیژنەکان بتوانن خۆیان بگەیەنە هەموو ئاوارەکان. هەروەها لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ڕێکخراوێکی بەهێز دابمەزرێت. نابێ ئەرکەکان تەنیا بۆ ڕێکخراو و کۆمۆنەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری جێبهێڵرێن؛ پێویستە گەلەکەمانیش ئەوەی لە توانایدایە بەکاری بێنێ و لە هاوکاریدابێت. نابێت تەنها یەک کۆچبەریش پشتگوێ بخرێت، پێویستە پشتگیری و خاوەنداری لە هەموان بکرێت. بێگومان ئەم پرسە ڕەنگە لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر نەبێت لەبەر ئەوە مەسەلە یەک کەس و دوو کەس نییە، باسی خزمەتکردنی سەدان هەزار کەسە دەکەین. بەڵام بە ڕێکخستنێکی باش دەتوانین خاوەنداری لە ئاوارەکانمان بکەین.

 لە نێو ئاوارەکاندا عەرەب و تورکمانیش هەن

 شێخمووس ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە، زۆربەی ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە کوردن، بەڵام عەرەب و تورکمانیش لەگەڵیان هەیە و وتی: "ژمارەی گەلەکەمان کە گەیشتوونەتە هەرێمەکە زۆر زۆرە و ئەم دۆخە پێویستی بە هاوکاری لایەنەکانی دیکەشە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دابین کردنی پێداویستی و هاوکارییەکان تواناکانی کەمترە، مانگی سوور پشتگیرییەکی زۆری گەیاندووە، هەروەها پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگاکانی تر و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتیوانی و هاوکاری هەڕێمەکە بکەن ئەڵبەت تەنها بە هاوکاری دارایی نابێت پێویستە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە."