بە دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات ڕژانە گۆڕەپانەکان و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا. ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستی پێکرد و تا گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو. لە میانی ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" و "بمرێ فاشیزم" بەرزکرانەوە. لە ڕێپێوانە جەماوەرییەکەدا، وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانی شۆڕش و ئاڵای (قەسەدە) بەرز کرانەوە.
دوای ڕێپێوانەکە بۆ شەهیدانی شۆڕشی کوردستان خولەکێک بێدەنگی بەڕێوەچوو. ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی تەڤ-دەمی کانتۆنی فورات قسەی کرد و ڕایگەیاند: "بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هێرشی چەتەکانی داگیرکەری تورک قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە و وتی: "پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان زیاتر بە ئەرکەکانیان هەستن."
"ئێمە پێکهاتەیەکی سەرەکی سوریاین"
ئەنوەر موسلیم ڕایگەیاند؛ پەیامی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوونە و داوای ئێمە وەک گەلێک سوریایەکی دیموکراتیکە. ئێمە بەشێکی سەرەکی سوریاین. پێویستە ئەم مافە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەبێت هێرشەکانی سەر هەرێمەکانمان ڕابگیرێت. لێدوانەکانی حکومەتی نوێی کاتی دیمەشق بە ئەرێنی دەبینین. پێویستە هەمووان بۆ ئەوەی دیموکراسی لە وڵاتدا جێگیر بێت، زیاتر بکەونە هەوڵدانەوە."