بە هۆی تەقینەوەی مین ٧ سەربازی دیمەشق مردن

لە کاتی تێپەڕبوونی پاسێکی سەر بە هێزەکانی دیمەشق لە بادیەی سوریا مینێک تەقیوەتەوە و ٧ سەربازی دیمەشق گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەقینەوەیەک لە نزیک شارۆچکەی پالمیرا لە بیابانی بادیە لەکاتی تێپەڕبوونی پاسێکی هێزەکانی سوپای سوریا ڕوویداوە. بیابانی بادیە لە ناوەندی شاری حومسەوە تا سنووری ڕۆژهەڵاتی عێراق درێژەی هەیە.

ئاشکرا بووە مینەکە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە چێنراوە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە:"٧ کەس لە هێزەکانی ڕژیمی دیمەشق گیانیان لەدەست داوە و ١٠ کەسیش بریندار بوون."

داعش لەم دواییانەدا هێرشەکانی لە بادیە بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا زیاد کردووە.

لە ٨ی تشرینی دووەمدا داعش هێرشی زۆری لەم بیابانەدا ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە لانیکەم ٣٤ کەس لە هێزەکانی لایەنگری ڕژێم کوژراون.