بە دیمەن

بۆ شەهید هەبوون کۆبانێ مەڕاسیمێکی شکۆدار بەڕێوەچوو

دانیشتوانی کانتۆنی فورات تەرمی شەهید هەبوون کۆبانێیان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بە مەراسیمێکی شکۆدار خاک سپارد.

شەهید هەبوون کۆبانێ

دانیشتووانی کانتۆنی فورات تەرمی شەهیدی دژە تیرۆر هەبوون کۆبانێ (عوسمان قەواس) کە لە ٢٥ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو، ئەمڕۆ بە مەڕاسیمێکی شکۆدار لە گۆڕستانیی شەهید دیجلە بە خاک سپارد.

بە سەدان دانیشتووانی کانتۆنی فورات، دامەزراوە و دەزگاکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداری مەڕاسیمی ناشتنی شەهید هەبوون کۆبانێ بوون.

لە مەراسیمەکەدا خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان گیرا و پاشان هاوسەرۆکی دەستەی ژینگە ئەڵماس ڕۆمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و سەری ڕێزی بۆ شەڕڤانانی ئازادی دانەواند.

ئەڵماس ئاماژەی بەوەدا شەهیدان ڕێگای حەقیقەت و ئازادیمان پیشان دەدەن و گیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ  گەلەکەیان و خاکەکەیان و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "پێویستە خاوەندارێتی لە شەهیدەکانمان بکەین و خاوەندارێتی لە شکۆمەندییان بکەین. چونکە لە سایەی بەرخۆدانی شەهیدانمانە، بە ئارامی لەسەر خاکی خۆمان ژیان دەکەین. وەک دەزانرێت بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین، قۆناغێک کە دەبێت جارێکی دیکە بوونی خۆمان لەسەر زەوی و جیهان بسەلمێنین. ڕاستە لە قۆناغێکی زۆر سەختدا دەژین، بەڵام هێندەی ساتی بەرخۆدان و تێکۆشانی شەهیدان نییە".

هاوسەرۆکی مەجلیسی خانەوادەی شەهیدانی چەلەبییە عیساد عەبود، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گوتی: "هەرچەندە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش بکەنە سەر هەرێمەکەمان، هەرگیز ناتوانن بەرانبەر ئیرادەی ئێمە خۆیان ڕابگرن. هەمیشە هێز و ئێرادەمان بەهێزە. لە سایەیی شەهیدەکانمان، ئیرادەمان بەهێزە. دەوڵەتی تورک ناتوانێت هێزمان بشکێنێت، چونکە شەهیدمان هەیە، شەڕڤانمان لە سەنگەری بەرگری هەیە، بۆیە ئیرادە و هێزمان هەرگیز ناشکێت".

بە ناوی بنەماڵەی شەهید، ئاپێ شەهید هەبوون کۆبانێ، ئیسماعیل قەواس وتی: "شەهید هەبوون هەمیشە دڵسۆزی هەڤاڵان و پەیوەستی خاکەکەی بوو. شەهیدەکانمان دەیانویست جارێکی دیکە بە پیتی زێڕین بوونی گەلەکەیان لە مێژووی جیهاندا بنووسنەوە".

دوای قسەکان ناسنامەی شەهید هەبوون کۆبانێ خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

تەرمی شەهید بە بەرزکردنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.