بانگەوازێک لە کۆبانێەوە: وەرن با لە کۆبانێ شکۆی مرۆڤایەتی بپارێزین

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنی فورات لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بانگەوازی خاوەنداری بڵاوکردەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنی فورات ئاماژەی بەوە دا، هەڕەشەیەکی گەورە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لەسەر کۆبانێ هەیە ڕایگەیاند، بانگەواز لە گەلەکەمان، کۆمەڵگای گشتی دیموکرات، ئازادیخواز، هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و هەموو مرۆڤایەتی دەکەین؛ وەرن پێکەوە شکۆی مرۆڤایەتیی لە کۆبانێ بپارێزین.

ئەمڕۆ، لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد، بە بەشداریی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کانتۆنی فورات لەبارەی هێرش و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک لە کۆبانێ و هەموو هەرێمەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆبانێ مامۆستا ئەگین نەسیرۆ، و بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پەیەدە لەیلا ئەحمەد خوێندرایەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"ئێمە هەموو کاتێک ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ هەموو کێشەکانی سووریا لە ڕێگای دیالۆگەوە، بۆ ئەوەی هەموو گەلانی ناو سووریا بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد و ئارام پێکەوە بژین.

ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنی فورات، پارت و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕایدەگەیەنین بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک ئامادەین.

وەک دەزانن لەم دواییانەدا هێرشی بەرفراوان بۆسەر خاکی سووریا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی دژ بە گەلەکەمان لە شەهبا و منبج بە هاوکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بەڕێوە دەچێت و هێرش دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت، زۆر ژن، منداڵ و پیرەمێرد کوژران، بێ گومان ئەم هێرشانە لەبەرچاوی هەموو جیهان ڕوویاندا، گەلێک دیمەنی بە ئازار دەرکەوتن، سەربڕین، سووتاندنی مرۆڤ، ئەشکەنجەدان و هەموو جۆرە کردارێکی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دران.

لە بەرانبەر ئەم هێرشە دژە مرۆڤایەتییانە، شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و ئەنجوومەنە سەربازییەکان وەڵامی توندی داگیرکەرانیان دایەوە، بەرگرییەکی بێ وێنەیان نیشان دا، زۆر لە شەڕڤانەکانمان بە قارەمانی شەهید بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکە و هەموو جۆرە تەکنیکێکەوە پشتیوانی چەتەکانی کرد و بە شێوەیەکی دڕندانە ئاراستەی گەلانی ناوچەکەیان کرد، لە شەهبا، منبج، عەین عیسا و گوندەکانی کۆبانێ کۆمەڵکوژی ئەنجام دران.

ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەناوبردنی گەلانی ناوچەکەیە، داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەمە خەونی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، بەتایبەتی ناتوانن بەرگەی هەبوونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بکەن، ئەم هێرشانە ساڵانێکە لە بەرنامەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدایە.

لە ١٩ـی تەمووزدا شۆڕشی گەلان لە کۆبانێ دەستی پێکرد، هەروەها هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لێرە تێکشکێندرا و ئەمە ناخی ئەردۆغانی فاشیستی بریندار کرد، بۆیە لە هەموو قسەکانیاندا هەڕەشەی هێرش بۆسەر کۆبانێ دەکەن، کۆبانێ بووەتە چقڵی چاوانیان.

لەم ساتانەدا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کۆبانێ هەیە، بەڵام ئێمە دەڵێین با کۆمەڵگای جیهانی بزانێت کە چەتەکانی داعش لە کۆبانێ لەلایەن شەڕڤانانەوە لەناوبران و مرۆڤایەتی هەناسەیەکی دیکەی وەرگرت، بۆیە جیهان قەرزاری شەڕڤانان و گەلی کۆبانێیە، کات، کاتی پشتیوانی لە کۆبانێیە.

بانگەوازی لە گەلەکەمان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دیموکراتیک، ئازادیخواز، هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە وەرن پێکەوە کەرامەتی مرۆڤایەتیی لە کۆبانێ بپارێزین."