بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە پێدانی کارەبا راگیرا

لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ دەوروبەری قامیشلۆ، لە تربەسپی، چلاغا و گوند و شارۆچکەکانی دێرک پێدانی کارەبا راگیرا.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان شکستی خواردووە، شەوی رابردوو بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومانی بەشێک لە ژێرخانی ئابووری و مەدەنی کانتۆنی جزیرەی کرد.

لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا لە شاری دێرک وێستگەی نەوتی سیدا و وێستگەی کارەبا لە ببانا شکەفتێ زیانی بەرکەوت. لەناوچەی تربەسپی وێستگەی نەوتی عەودە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا لەکارکەوت، ئەوەش کاریگەری کردە سەر پەمپەکانی گازی وێستگەی سویدا کە کارەبا بۆ سەرجەم ناوچەکانی کانتۆنی جزیرە دابین دەکات و لەئەنجامدا ناوچەکانی تربەسپی، چلاغا و زۆر گوند و شارۆچکەی دێرک بێ کارەبابوون.

کاربەدەستان رایانگەیاند، کە پەمپە گازیەکان لەئێستادا بە نیوەی توانایانەوە کاردەکەن.

هێرش بۆ سەر شەهبا

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە هێرشەکانی بۆسەر هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرفراوان کردووە، سەرلەبەیانی گوندی شەعالە و خرباتی شەهبای تۆپباران کرد.

هـ . ب