بە دیمەن

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە: بەرخۆدانی کۆبانێ کوردانی کرد بە یەک

لە قسەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورددا ئاماژە بەوەکراوە ڕۆژئاوا لە بەرخۆدانی کۆبانێدا و لەم کۆنفرانسەدا کوردی کرد بە یەک. هەروەها گوتیان ئەم یەکێتییە مافی کوردان مسۆگەر دەکات.

'کۆنفرانسی یەک ڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان' بەردەوامە. ئەندامانی شاندێکی باکووری کوردستان و کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) قسەیان کرد.

بە ناوی کەنەکەوە زەینەب موراد ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی پیرۆز کرد و جەختی کردەوە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا بوو بە یەک و ئەمڕۆش "بۆ یەکگرتنی کوردان جارێکی دیکە کوردیان کۆکردەوە"

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر گوتی: "هەوڵدەدەین بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بگەیەنینە هەموو جیهان. تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەموو پارت و هێزە کوردستانییەکان کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و لە ڕێگەی شاندی ئیمرالیشەوە توانیمان پەیام و هەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بگەیەنین".

وتیشی: "بنەمای بانگەوازی ڕێبەرێتی ئازادی و ئاشتییە، پێش ئەوەش پێویستە بۆ یەکڕیزی کوردان تێکۆشان بکەین. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنفرانسی کورد لەسەر خاکی مێژوویی خۆی بە ئامانج و مافەکانی خۆی دەگات".

کەسکین بایندەر پەیامی پشتیووانی گەلی باکووری کوردستانی گەیاند و جەختی کردەوە باکووری کوردستان پشتگیری بێسنووری گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەکات.