بوو بە زمان و هەستی کۆمەڵگەکەی

فاتمە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا ئیدی دەرفەتێکی وا بۆ ژن ڕەخسا کە لە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە ئەرک و ڕۆڵی خۆی هەبێت و ئەوەی دەستنیشانکرد لەگەڵ ئازاری کۆچبەریدا ئاوێزانی هونەربوو و هەستەکانی کۆمەڵگەی دەردەبڕی.

ئەو کەسانەی کە سەروکارییان لەگەڵ هونەردایە، لە ڕێگەی هونەرەوە هەستەکانی خۆیان بۆ کۆمەڵگە دەرەبڕن. هەروەها دەبنە دەنگ و ڕەنگی بیرکردنەوەکانی کۆمەڵگە. لەم ڕووەشەوە کۆمەڵگەی کوردی وابەستەی هونەرەکەی خۆیەتی، لە ڕێگەی هونەرەوە ئێش و ئازارەکانی خۆی دەربڕێت. لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاواوە کۆمەڵگەی کوردی پەڕیوە بۆ قۆناغێکی نوێی ژیان، لەم ژیانەشدا ژنان لە هەموو گۆڕەپانە ژیانیەکاندا ئەرک و بەرپرسیارێتییان وەرگرت. بە تایبەت لە خەباتی چاندیدا پێشەنگایەتییان وەرگرت. ژنان لە ڕێگەی خەباتی چاندییەوە بوون بە زمانی کۆمەڵگەکەی خۆی. یەكێک لەو ژنانە نوسەر و دەرهێنەر فاتمە ئەحمەدە. فاتمە ئەحمەد لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ژیانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ حەسەکە و لەوشارەدا بەردەوامی بە ژیانی دەدات.

لە بنەماڵەیەکی هونەرخوازەدا گەورە بووە

فاتمە کە بە نوسیەنەوەی کورتە شیعر دەست بەنوسین دەکات، بەم شێوەیە باسی ئەو کاتەی ژیانی کرد و وتی: "بەر لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەکار‌هێنانی زمانی کوردی قەدەغەبوو، مەگەر بەشێوەیەکی شارەوە بەکاربهێنرابا. حەزێکی زۆرم بۆ وێژەی کوردی هەبوو. لەبەرئەوەی لە نێو بنەماڵەیەکەی وێژە دۆستدا پەروەردەبووم. باوکم شۆڕشگێڕبوو. براکەشم زۆر حەزی لە شیعربوو. ئەمانە هەموو کاریگەرییان لەسەر دانام. سەرەتای نوسیم بە کورتە شیعربوو و لەگەڵیشیدا لە خوێندنەکەم بەردەوام بووم. هیچ کاتێک بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو ببمە نوسەر، شاعیر و دەرهێنەر بۆ کۆمەڵگەکەم. چونکە ئاستەنگیەکان هێجگار زۆربوون لە ڕێگەی ژندا. بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا هەموو ئەم خەونانەی بەدیهێنا"

لەگەڵ ئازاری کۆچبەریدا دەست بەهونەرەکەی دەکات

فاتمە ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەو کاتە کرد کە دەستی بە نوسینەوەی چیرۆک و کاری دەرهێنەری کردوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بەهۆی شەڕی سەرێکانیەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆچی باکووری کوردستانمان کرد و نزیکەی چوار مانگ لەوێ ژیانمان کرد. ئەمویست ئازارەکانی ژیانی کۆچبەری لە ڕێگەی شتێکەوە دەربڕم، بەڵام شتێکی ئەوتۆم پێنەدەزانی. دوای ئەوەی گەڕاینەوە بۆ سەرێکانی، دۆخی ئەو شارە و منداڵەکانی  بوو بە ئازارێکی گەورە بۆم. لەوکاتە هەستمکرد ئەو منداڵانە دەتوانرێت لە ڕێگەی شانۆوە دڵیان خۆشبکرێت. بۆیە دەستم بە نوسینەوەی چیرۆکی شانۆی کرد و منداڵانم فێری ڕۆڵگێڕانی شانۆی کرد. وە لەبەرئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژن دەناسرا، بۆیە هەوڵمدا لە ڕەهەندەوە کارە هونەرییەکانم لە ناو کۆمەڵگەدا بڵابکەمەوە و ببمە دەنگی مژارەکانی کۆمەڵگە. وە بە هەردوو چیرۆکی 'دەگەڕێینەوە ماڵ'و 'کۆچبەری' بۆ دووساڵ بەشداری فیستیڤاڵی هونەری بووم و هەردوو جارەکەش خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵم وەرگرت."

دوو بەرهەمی چاپکراوی هەیە

فاتمە ئەحمەد باسی لە بەرهەمەکانی خۆیکرد و وتی: "یەکەم بەرهەمم ناوی 'دزینی باخچە' بوو، پەیوەست بوو بە نوسینەوەی ١٢ دەقی شانۆیی تایبەت بە منداڵان. هەروەها پەرتوکی دووەم ناوی 'دەگەڕێینەوە بۆ ماڵ' ئەمەش بریتی بوو لە چەند کۆمەڵە چیرۆکێک. هەروەها چەندین نووسینی دیکەم هەیە و لە داهاتوودا چاپ دەکردێن."

'لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان بەرەو ئازادی هەنگاویان نا'

فاتمە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا لە ڕووی چاند و هونەرەوە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە هاتە ئاراوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "ژنان بەرلە شۆڕشی ڕۆژئاوا نەیاندەتوانی هەستەکانی خۆیان دەربڕن، بنوسن و بە ئاسانی قسەکەن. هەموو شتێکییان لێ حەرام کرابوو. لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، ژن بوو بە پێشەنگ و بەرەو ئازادی هەنگای هەڵهێنا. ئیدی ژنان بوون بە نوسەری مێژووی و بوون بە راستیەک بۆ تەواوی کۆمەڵگە. منیش هەرکاتێک نوسینێکم دەنوسمەوە هەمیشە هەوڵمداوە دەربڕی هەستەکانی کۆمەڵگەکەم بێت، چونکە کۆمەڵگەکەم تەژییە لە چیرۆک. پێویستە ژن خۆی خۆشبووێت و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی خۆی هەبێت."