چەتەیەکی داعش کە لە کەمپی هۆل و ژن و منداڵی دەڕفاند دەستگیرکرا.

تیمەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی (تۆل) ی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایانگەیاند، چەتەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە، کە ژن و منداڵانی لە کەمپی هۆل دەڕفاند.

تیمەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی (تۆل) سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایانگەیاند، لە ٣٠ی ئایاردا لە گوندی ئەبوجورنەی تل حەمیس ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە. بە گوێرەی راگەیەندراوێک کە لە سەر ماڵپەڕی قەسەدە بڵاوکراوەتەوە، تۆل لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدوڵا محەمەد ئیبراهیم (ئەبی هیشام)یان گرتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو، کە ئەو تیرۆریستەی دەستگیرکراوە ئەندامانی زیندانیکراوی چەکدارانی داعش، بە تایبەتی منداڵانی ناسراو بە "ئەشبال ئەل خەلیفە" و ژنەکانی سەر بەو رێکخراوە دەڕفاند و دەیگەیاندە ناوچە بیانبانیەکانی سوریا، کە لە ژێر کۆنتڕۆلی رێکخراوە تیرۆریستیەکانن و دواتریش دەیانبردنە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. لەو هەرێمانە سەرچەتەکانی رێکخراوەکە بوونیان هەیە. تیرۆریستێک بە ناوی ئەبی هیشام لەگەڵ ئەو سەرچەتانە پەیوەندی هەبوو.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە دەستیان بەسەر تەلەفونی ئەبی هیشامدا گرتووە، هەروەها دوو ناسنامەشی لەلا بووە کە تیرۆریست دەیویست ئەو دوو کەسە لە کەمپەکە بڕفێنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە تا رێکخراوی تیرۆریستی لە ناوچەکە بنەبڕ دەکرێت، ئۆپراسیۆنەکانیشیان بەردەوام دەبێت.

هـ . ب