دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئەوەی داگیرکەری خۆی لە عەین عیسای رۆژئاوای کوردستان فراوان بکات، لەگەڵ چەتەکانی هێرش دەکاتە سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان.
گوندی دبسێی عەین عیسا لەم مانگەدا چەندین جار بە چەکی قورس تۆپباران کرا. ١٧ی ئەیلول چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژران و سێ هاوڵاتیش بریندار بوون.
چەتەکانی دەوڵەتی تورک ٢٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠٤:٣٠ هەوڵیانداوە گوندی دبسێ داگیر بکەن. تەقەیان لە گوندنشینان کرد و لە ئەنجامدا کەسێکیان بە ناوی نەجیب ئەلویتی ٣٥ ساڵیان کوشت و سێ کەسێ دیکەیان بە ناوەکانی محەمەد شەریف ئەلویت (٨٣)، زەینبەب محەمەد (٣٠) و ترفا مەراعی ئەلناشی و ٣ کەسی دیکە کە ناوەکانیان نەزانراوە بریندار کرد. لە ئەنجامی بۆردومانی رێگەی ئێم٤ دا محەمەد فەییز ئەلمەنفی بریندار بوو.
گوندی دبسێ ١٥ کیلۆمەتر لە باشوری عەین عیساوە دوورە و دەکەوێتە سەر رێگەی ئێم٤. لە باکوری گوندەکە، بارەگایەکی سەربازی تورک هەیە.
هێرشەکانی سەر دبس و گوندەکانی دیکە لە بارەگاکانی تورکەوە ئەنجام دەدرێت.
گوندی دبس هەم لەسەر رێگەی ئێم ٤ و هەم لەسەر هێڵی کۆبانی منبج و سڕینە. بۆیەش جێگەیەکی ستراتیژیکە. لەبەرئەوەش دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت دبس داگیر بکات و کۆبانێ، منبج و سڕین لە عەین عیسا و رەقا دابڕێت.
ف.ق