دانیشتووانی حەسەکە بە ڕێپێوانێک پشتیوانیان بۆ قەسەدە نیشان دا
دانیشتووانی حەسەکە و دەوروبەری بە ڕێپێوانێک پشتیوانیان بۆ قەسەدە نیشاندا و گوتیان: "قەسەدە هێزی ئێمەیە".
دانیشتووانی حەسەکە و دەوروبەری بە ڕێپێوانێک پشتیوانیان بۆ قەسەدە نیشاندا و گوتیان: "قەسەدە هێزی ئێمەیە".
ئەنجوومەنی شاری حەسەکە بۆ پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و فیداکارییەکانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدا.
ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی سینالکۆ لە تەل حەجەرە دەستی پێ کرد. کورد و عەرەب و سریانی و ئاشووری و ئەرمەن و کەسێتییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەشداربوون.
ئاڵای قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئاڵای سەربەخۆیی سوریا هەڵگیرا و درووشمی "یەکێتیی پێکهاتەکان گەرەنتی ئارامییە" و "نا بۆ داگیرکاری" و "قەسەدە هێزی ئێمەیە" و "بژی خوشک و برایەتی گەلان" و "بژی یەکێتی گەلی کورد" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە.
لە چوارڕیانی ئیتفائیە ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.
ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ئاڵدار خەلیل گوتی: "لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد. پێویستە لەم قۆناغەدا پێکەوە کاربکەین و سوریایەکی دیموکراتیک بنیات بنێین".
خەلیل ڕایگەیاند قەسەدە تەنها هێزێکی سەربازی نییە بەڵکو هێزێکی کۆمەڵایەتیی هەموو پێکهاتەکانە و نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلانی هەرێمەکە دەکات.
هەروەها خەلیل گوتی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مۆدێلێکە بۆ بنیاتنانی سیستەمی دیموکراتیک و خوشک و برایەتی گەلان، لەسایەی تێکۆشانی گەلان و بە پێشەنگایەتی ژنان ئەم دەسکەوتە بەدەستهاتووە.
لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا جەماوەر سڵاویان لە بەرخۆدانی قەسەدە کرد و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و یەکێتیی پێکهاتەکان دەربڕی.