بەمەبەستی یادکردنەوەی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ئەنجامی هێرشێکی میتدا شەهیدبوون، لە کۆبانێ بە رێپێوانێکی جەماوەری سازکرا. بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات لە گۆڕەپانی ژنی ئازادی کۆبانێ کۆبوونەوە و تا گۆڕەپانی ئاشتی رێپێوانیان کرد.
لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی شەهیدانی هەردوو کۆمەڵکوژیەکەی پاریس و ئەو ژنانەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبوون، بەرزکرانەوە. چالاکوانان هەروەها ئاڵاکانی یەپەژە و قەسەدەیان بەرزکردەوە.
لە رێپێوانەکەدا دروشمی "ئێمە بە بەرخودانی قەسەدە و یەپەژە کۆمەڵکوژی تێکدەشکێنین" و "کۆمەڵکوژی ژنان کۆمەڵکوژی مرۆڤایەتیە" وترانەوە.
دواتر جەماوەرەکە گەیشتنە گۆڕەپانی ئاشتی و بۆ رێزلێنان و یادکردنەوەی شەهیدان خولەکێک بە بێدەنگی وەستان. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات سارا خەلیل لە لێدوانێکدا جەختی لەوەکردەوە کە بە هێزی تێکۆشانی خۆیان بەرپەرچی داگیرکەری و کۆمەڵکوژییەکان دەدەنەوە.
راشیگەیاند، "جارێکی دیکە سێ ژنی شۆڕشگێڕ بە بیردەهێنینەوە. فەرەنسا گوایە وڵاتی دیموکراسی و ئاشتییە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەیە. پاریس لە دژی پێشەنگانمان بووەتە شاری میت. دوێنێ سەکینە بوو، ئەمڕۆ ئەڤین و هاوڕێیانیان. دەوڵەتی تورک نەک هەر لەوێ، لە هەمان کاتدا لێرەش ژنان دەکاتە ئامانج. ئەمە یەکەم کۆمەڵکوژی نییە، رۆژانە کۆمەڵکوژی دەکات. کاروانی گەلیان لە بەنداوی تشرین کردە ئامانج. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر شەهیدبوون. بەڵام ئێمە رژدین و بە هێزی خۆمان بەرپەرچی بکوژان دەدەینەوە".