دانیشتووانی قامیشلۆ: پاراستنی وڵاتەکەمان پارێزگارییە لە هەبوونمان
دانیشتوانی گەڕەکی عەنتەریەی شاری قامیشلۆ باسیان لە گرنگی خۆپاراستن کرد و رایانگەیاند کە پاراستنی وڵات، پارێزگارییە لە هەبوون و ناسنامەیان.
دانیشتوانی گەڕەکی عەنتەریەی شاری قامیشلۆ باسیان لە گرنگی خۆپاراستن کرد و رایانگەیاند کە پاراستنی وڵات، پارێزگارییە لە هەبوون و ناسنامەیان.
شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پاراستنی کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر هەموو هەلومەرجەکاندا. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن درێژە بە مانەوەیان بدەن و رووبەڕووی لەناوچوون نەبنەوە، پارێزگارییکردن لە خۆیان کردووەتە مەرجی سەرەکی ژیان. بە بەرەوپێشچوونەکانی ژیان خۆپاراستن بە شێویەەکی باشتر بەرەوپێشچووە. بەرچاوترین نمونەش بۆ جیهان، گەلی کوردە. سەرباری هەموو ئەو ئازار و نەهامەتیانەی بەسەریاندا دێت، بەڵام کۆڵەکەی سەرەکی ژیانیان خۆپاراستنە.
لە هەمان چوارچێوەدا لە قامیشلۆ لە ئێوارانەوە تا سەرلەبەیانی گەل خۆی دەپارێزێت و یارمەتی هێزە سەربازییەکان دەدەن. ئەو هاووڵاتیانەی لە ئەرکی خۆپاراستندا قسەیان بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات کرد و جەختیان لە گرنگی خۆپاراستن کردەوە.
'پاراستنی وڵات، پارێزگارییە لە هەبوون'
ساڵح عومەر لە گەڕەکی عەنتەریەی قامیشلۆ باسی لەوەکرد، کۆمینەکانی گەڕەکەکە سەرجەمیان پێکەوە ئەرکی پاراستنی شەقامەکانی گەڕەکەکەیان رادەپەڕێنن. وەک گەلی قامیشلۆ ویستمان پشتیوانی لە هێزەکانمان بکەین و خۆمان گەڕەکەکانمان بپارێزین. لەپێناو ژیانێکی پارێزراو و دوور لە شەڕدا بە شەو و رۆژ لە سەر پێین و لەئامادەباشیداین. گەلەکەمان بە گشتی لە ئامادەباشیدایە، بۆ گەڕەکی عەنتەریەیش پێشنیازمان کرد کە هەموو ئێوارەیەک شەقام و کۆڵانەکانمان بپارێزین و چاوکراوە و وشیاربین".
'یا مردن یا سەرکەوتن'
ساڵح عومەر ئەوەی خستەڕوو کە دوژمن چەندە شەڕیش بکات هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت و رۆژ لەدوای رۆژ بەرخودان گەورەتر دەبێت، ژیانێک بە بێ خۆپاراستن ژیانێکی بێواتایە. لەم دۆخەدا خۆپاراستن لە ئاو و نان بۆ ئێمە پێویستتر و گرنگترە. لە کۆتاییدا دەڵێم دوژمنی دڕندە چی دەکات بابیکات، کورد هەر دەمێنێت و لەناوناچێت. بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین و گەلەکەمان دەکەین. یان مردن یان سەرکەوتن.
'ئامانجمان یارمەتیدانی هێزەکانمانە'
لەیلا رەسوڵیش ژنێکە لە ئێوارەوە لە ئەرکی پارێزگاریدایە لە گەڕەکەکەیان و باس لەوەدەکات زۆر دڵخۆشە بە راپەڕاندنی ئەرکی خۆپاراستن. کاتێک پاسەوانی و ئێشکگری دەکەین ژیانی منداڵان و خەڵکەکەمان پارێزراو دەبێت. بەوەش یارمەتی هێزەکانمان دەدەین بۆ ئەوەی زۆر ماندوو نەبن و لە شەقامەکاندا نەمێننەوە. لە سەعات ١٢:٠٠ەوە تا سەرلەبەیانی ئێشکگری دەکەین. هیوادارم هەموو کۆمینەکان و گەلەکەمان بەشداربن لە سەفەربەریدا و وڵاتەکەمان بپارێزن.
'ئێمەش بەشداربووین لە سەفەربەری و ئامادەباشیدا'
حیکمەت شاکریش لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکەکەی بەشداری لە ئێشکگریدا دەکات و لەو بارەوە وتی، بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە هێزەکانی قەسەدە و هەموو هێزە سەربازییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە سەفەربەریداین. حیکمەت شاکر بەم جۆرە بەردەوام بوو، "لە دوای هێرشەکەی سەر گەلەکەمان لە شەهبا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەفەربەری راگەیاند، هەموان لەم سەفەربەرییەدا بەشدار بوون. وەک دانیشوانی گەڕەکەکە ئێمەش بەشداریمان لە هەڵمەتەدا کرد. هەموو هێزەکانمان کەوتنە خۆ لە پێناو پاراستنی گەلەکەیان. ئێمەش وەک گەل بووینە یارمەتیدەریان و خۆمان کۆڵان و شەقامەکانمان دەپارێزین. لە هەر کۆمینێکدا ٣٠٠- ٤٠٠ ماڵ هەیە و کۆمینەکان رێککەوتن کە هەرکامێکیان گەڕەک و شەقامەکانیان بپارێزن".
'دەبینە پاڵپشت و پشتیوان بۆ هێزە سەربازییەکانمان'
حیکمەت شاکر ئەوەی خستەڕوو، کە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ سەردەکەوێت و بەر بە هێرشەکانی دوژمن دەگرێت و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، خولی پەروەردە و راهێنان لەسەر چەک بۆ ژن و پیاوان کرایەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە خاکەکەمان بپارێزین. هەموو رۆژێک ٧ کەس هەڵدەبژێرین بۆ پاراستنی گەڕەکەکەمان. لە ١٢ی شەوەوە تا ٥ی بەرەبەیانی لە ئەرکدا دەبین. شانازی بەو هاوکاری و پاڵپشتیەوە دەکەین، چونکە لەوەها دۆخێکدا دەبێت یارمەتی هێزەکانمان بکەین، بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت هێرش بکاتە سەرمان. بەڵێن دەدەین کە رۆژ لە دوای رۆژ هێزە سەربازییەکانمان بەهێز بکەین و رۆڵەکانمان بنێرینە ریزەکانی تێکۆشانەوە".