'درێژە بە بەرخودان دەدەین'

عەلی حەنان کە خەڵکی عەفرینە وتی، هەوڵ دەدرێت کە ژیان لەوان حەرام بکرێت و ئەوەی خستەڕوو کە درێژە بە بەرخودان دەدەن.

عەلی حەنان کە خەڵکی عەفرینە و بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانەوە بۆ سەر شەهبا و تل رەفعەت لە ٢ی کانونی یەکەمدا جارێکی تر کۆچبەر بووەوە، ئێستا لە سێهەم کۆچبەریی خۆیدا دەژیت. عەلی حەنان باسی لە چیرۆکی کۆچبەری خۆی کرد.

عەلی حەنان باسی لەوەکرد، کە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ناچار بوون لە حەڵەبەوە رووبکەنە عەفرین. دوو ساڵ دواتر دیسان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین بنەماڵەکەی جارێکی دیکە کۆچبەر بوونەوە و روویان کردە شەهبا.

لە ٢ی کانونی یەکەمدا بەهۆی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەهبا و تل رەفعەت جارێکی دیکە عەلی حەنان و بنەماڵەکەی ئاوارەبوونەوە و دوای چوار رۆژ مانەوە لە تەبقا روویان کردە حەسەکە.

عەلی حەنان باسی لە هەلومەرجی دژواری کۆچبەری کرد و وتی، "نە ماڵێکمان هەیە، تیایدا بمێنینەوە و نە ئاوێکمان هەیە سەرمانی پێبشۆین". عەلی حەنان ئاماژەی بە دژواری و ئاستەنگییەکانی دابینکردنی پێداویستیەکان سەدان کۆچبەر کرد.

نیگەرانی منداڵ و بەساڵاچووانە

عەلی حەنان باسی لەوەکرد، کە لەپێناو پێداویستیەکانی دایکە ٧٠ ساڵیەکەی و منداڵە ٢ و ٨ ساڵیەکەی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر نیگەران دەبێت. وتیشی، ئەستەمە لەم هەوا ساردەدا ماڵێک بۆ منداڵەکانی بدۆزێتەوە. عەلی باسی لە دژوارییەکانی سەرەتای مانەوە لە شەهبا کرد لە ساڵی ٢٠١٨ و وتی، "بەو زستانە لە ژێر گەمارۆدابووین. رژێمیش زۆرداری دەکرد و نەیدەهێشت سوتەمەنی تێپەڕبێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات توانیمان لەسەر پێ خۆمان رابگرین. بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان بۆ شەش ساڵ لە خێمەکاندا بووین. ئەمە هەم لە رووی جەستەیی و هەمیش لە رووی مەعنەویەوە ئەزمونێکی دژواربوو".

'شەهبامان کردە بەهەشت'

عەلی حەنان باسی لەوەکرد کە، شوێنێکی چۆڵەوانی وەک شەهبایان کردبوو بە بەهەشتێک. کردبوویان بە شوێنێکی ژیان. گەلەکەمان گەیشتبووە ئاستێک کە بژێوی خۆی دابین دەکرد. بەڵام دیسان بە هۆی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک، ناچاربوون بە زۆرەملێ ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن".

عەلی حەنان کە لە رێگەی بەرگدوورینەوە بژێوی خۆی و بنەماڵەکەی دابین دەکات باسی لەوەکرد، کۆچبەری و ئافراندنی هەلومەرجی ژیان کارێکی ئاسان نییە. دروستکردنی خانویەک، دابینکردنی کارەبا، ئاو و رێکوپێککردنی هەلومەرجی خوێندنگەی منداڵەکان هەموو ئەمانە دژواری و تەنگوچەڵەمەن. کۆچبەری تەنیا رێکردنێکی جەستەیی نییە، هاوکات کارەسات و ئازارێکی دەرونیشە".

'ئێمە درێژە بە بەرخودان دەدەین'

عەلی حەنان لە کۆتاییدا هەستی خۆی بەرامبەر بەو قۆناغانەی پێیدا تێپەڕیون و ئەوەی بەسەریاندا هێنراوە بەم جۆرە دەربڕی: "دەیانەوێت ژیانی ئێمە بکەنە زیندان. هەوڵ دەدەن کە بێزاری و ماندوویەتی ساز بکەن. هەرچەندە ئێمە رووبەڕووی دژواری و تەنگوچەڵەمەش ببینەوە ئێمە درێژە بە بەرخودان دەدەین".