'درێژە بە حەقیقەت خوازی شەهید جیهان دەدەین'

هاوڕێیانی شەهید جیهان، سلاڤا عەبدولڕەحمان و خەلیل بۆزۆ رایانگەیاند: "هەرگیز لە گەیاندنی ئەو حەقیقەتە ناکشێینەوە کە شەهید جیهان دەیویست بیگەیەنێت."

ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندنی ئازاد جیهان بیلگین و نازم داشتان کە بە دواداچوونی ڕۆژنامەوانییان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق دەکرد. لە کاتی ئامادەکردنی بابەتی ڕۆژنامەوانییادا لە ١٩ی کانوونی یەکەمدا بوونە ئامانجی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و شەهید بوون. هاوڕێیانی شەهید جیهان، سلاڤا عەبدولڕەحمان و خەلیل بۆزۆ بۆ ئاژانسمان قسەیانکرد و  باسییان لە کەسایەتی  و باوەڕی هاوڕێیەتی شەهید جیهان کرد لە کاری ڕۆژنامەوانییدا.

'سەرچاوەی هێزمان بوو'

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها) سلاڤا عەبدولڕەحمان بە سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی شەهید جیهان دەستی بە قسەکانی کرد و دەسنیشانیکرد لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشنای شەهید جیهان بووە و هەموو کاتێک بووەتە هۆکاری هێز لێ وەگرتنی چونکە شەهید جیهان هەموو کاتێک بە جدییەتەوە کارەکانی دەکرد و ئەمەی وت: "دەتوانم بڵێم شەهید جیهان خاوەنی هەڵوێستێکی نموونەیی بوو. هەموو کاتێک ڕوانگەکانیم بە بنەما وەردەگرت. هەموو کاتێک یارمەتیدەری ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمان بوو. بەڕاستی شەهید جیهان نموونەیی بوو لە کارکردنەکانی. جارێک پێکەوە چوینە کارێکی ڕۆژنامەوانی لەو کاتەدا کچێکی بچووک داوای پارەی لێکردین، شەهید جیهان بە ڕووی کچەکەدا دانشت و پێی وت، 'تۆ کچێکی بچووکی تۆ ئایندەی گەلەکەمانی، نابێت ئەم کارە بکەی، دەبێت واز بهێنی و ببیتە نموونەیەک بۆ هاوڕێکانت.' شەهید جیهان مۆراڵ و هێزی دەبەخشییە هەموو کەسێک. ئەرکە قورسەکانی ئاژانس هەمیشە دەکەوتە ئەستۆی شەهید جیهان."

'دەوڵەتی تورک چاوی ڕاستییەکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی تاوانەکانی ئاشکرا نەبێت'

لە بەردەوامییدا سلاڤا باسی لە وڵاتپارێزی بنەماڵەی شەهید جیهان کرد و جەختیکردەوە لەوەی شەهید جیهان لە دژی ستەمەکانی دەوڵەتی تورک دەستبەرداری خوێندی یاسا بوو. سلاڤا ئەمەیشی وت: "ئیرادەمان بە شەهیدانمان بەهێزتر دەبێت و توڕەییمان لە دژی دووژمن زیاتر دەبێت. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی دڕندایەتی خۆی بشارێتەوە، چاوی ڕاستییەکان دەکاتە ئامانج."

'شەهید جیهان هەموو جێگەیەکی ئاوادان دەکردەوە'

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها)  خەلیل بۆزۆ باسی لە کارەکانی خۆی کرد لەگەڵ شەهید جیهاندا و ئاماژەی بەوەدا شەهید جیهان هەموو کاتێک لە کارەکانییدا جدی بوو و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو هاوڕێکانی و کارەکانی بە باشترین شێوە بە ئەنجام بگات و ئەمەی وت: "پێکەوە یادەوری جوانمان هەبوو. ئەوەی شەهید جیهان ویستی بە ڕای گشتی بگەیەنێت، ئێمە درێژەی پێ دەدەین. هاوڕێیەکی ژیانی بوو، هەموو جێگەیەکی ئاوادان دەکردەوە. هەمووان خۆشییان دەویست. کارەکانی بۆ کۆمەڵگە زۆر گرنگ و پێویست بوو. هەموو کاتێک سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی دەکرد و ڕوحێتێکی زیندووی لەگەڵییاندا بەش دەکرد. بۆیە بۆ هەمیشە کار و یادەوەری شەهید جیهان زیندو ڕادەگرین."