"دەسەڵاتدارانی ئاکەپە – مەهەپە بە پشتیوانی و تواناکانی ناتۆ هێرش دەکەنە سەر قەسەدە"

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و باکوو و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، "حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە لە تورکیا ستراتیژیی جیهادی دروستکردووە و لەو رێگەوە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زۆرێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و شەنگال و شەهبا، کە ئەو هێرشانە لەم رۆژانەى دوایدا زیادیان کردووە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

'بە پێشەنگایەتی گەلی کورد پرۆژەى دیموکراتیک ئافرێنرا'

نوری مەحمود رایگەیاند، لە رۆژئاوا – باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد هەنگاوێک نرا و وتی، "بەو پێشەنگایەتییە هەم گەلی ناوچەکە و هەم گەلی کورد بە رۆڵی خۆیان هەستان. پرۆژەیەکی دیموکراتیکیان ئافراند، کە بۆ ئەم ناوچەیە شتێکی نوێیە. دەوڵەتی تورک، کە لەسەر بنەمای شۆڤێنیزم و نەژادپەرەستی خۆی بونیاتناوە، لە پێش هەموو شتێکەوە نەتەوەی کورد و ناسنامەکەى و هەبوون و کولتوری هەموو نەتەوەکان بە بەردەوامی بۆ خۆی بە مەترسی زانیوە و بە مەترسیشی دەزانێت. بۆ ئەوەشە هێرش دەکاتە سەر عەفرین، شەهبا، تل تەمر، عەین عیسا و شەنگال، کە مۆدێلی رۆژئاوای بۆ خۆی کردووەتە بنەما. ئەوە عەقڵییەتی دەوڵەتی تورکە. عەقڵییەتی ئیسلامی سیاسییە، کە ئاکەپە لەم ساڵانەى دوایدا بەپێی ئەوە دەجوڵێتەوە، لەگەڵ فاشیزمی مەهەپە بووە بە یەک و لەسەر ئەو بنەمایە ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات، کە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە، تورکیا و هێزە نێونەتەوەییەکاندا نییە. ئەو دەسەڵاتە پابەند نییە بە هیچ پێوەرێک، رێککەوتنێک و یاسایەک. ئەردۆغان لەگەڵ باخچەلی هەوڵ دەدەن دیکتاتۆریی بونیات بنێن".

'بە توانایی و پشتیوانیی ناتۆ سوپایەک لە چەتەکانی دروستکردووە'

نوری مەحمود لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە وتی، "سوپای تورک لە یەکێتیی ئەوروپا و لە ناتۆوە هاوکاری و پشتیوانی وەردەگرێت، بەڵام ئەو پشتیوانی و هاوکارییانە لە دژی گەلانی ناوچەکە، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی بە کەرامەت و شکۆمەندانە، ئازاد و دیموکراتیک بژین، بەکار دەهێنێت. دەوڵەتی تورک لە بۆشایی نێوان هێزە نێونەتەوەییەکان سوودوەردەگرێت".

نوری مەحمود رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا تەنها بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات و وتی، "بۆ ئەوەى ئەوە ئەنجام بدات بە دوای دروستکردنی سوپایەکی جیاوازەوەیە. ئەو سوپایەش سوپای چەتەکانە. بە توانایی و پشتیوانیی ناتۆ دامەزراوە. بە توانایی و پشتیوانیی ناتۆ پشتیوانی لە بەرەی نووسرە، قاعیدە و ئیخوان موسلمین دەکات. لە ئەفغانستانەوە مرۆڤەکان دەهێنێت. تورکیا بەو سیاسەتە نەک تەنها تورکیا، بەڵکو دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت".  

'دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بە پشتیوانی و هاوکاریی ناتۆ هێرش دەکاتە سەر قەسەدە'

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە لەبارەی بێدەنگیی هێز زامنکەرەکان و گارانتۆرەکان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک وتی، "بە گارانتۆری و زەمانەتی رووسیا و ئەمریکا لەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکەوە هەنگاوی گەورە نران. سەرباری ئەوەى ئەمریکا زۆر جار بە رای گشتیی راگەیاندوە، کە 'هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە شەڕی دژی تیرۆری داعش دا هاوپەیمانی ئێمەن'، بەڵام تورکیا بە ئاسانی هێرش دەکاتە سەر قەسەدە.

 لە پێش هەموانەوە ئەمریکا و رووسیا لە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بە هەموو جیهانیان نیشانداوە، کە لەگەڵ قەسەدە کار دەکەن، بەڵام ئێمە دەبینین دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بە توانایی و پشتیوانییەکانی ناتۆ هێرش دەکاتە سەر قەسەدە. ئەمریکا، رووسیا و وڵاتانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەروەها ناتۆ بەرامبەر ئەو هێرشانەى تورکیا هیچ ناڵێن و بێدەنگن. حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە لە تورکیا ستراتیژیای جیهادییەکانی دروستکردووە و بەوە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات. لاوازیی حکومەتە ئەوروپییەکان، ئەمریکا و ئاسیا دەبێتە هۆی ئەوەى کە چاو لە دەسەڵاتی تورکیا بنوقێنن. لە راستیدا، یاسا و بڕیارەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن. لە دژی تورکیا رێککەوتنەکانی خۆیان ناخەنە کار.

تورکیا لە دژی ناتۆیە، سوپایەکی ناتۆی خستووەتە خزمەتی داعش، ئیخوان موسلیمین و قاعیدە. هەبوونی ئەمریکا و رووسیا لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی حکومەت و دەسەڵاتەکانی ئێستادایە. رووسیا و ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەییەدان و دەبێت تورکیا بەپێی خاڵەکانی ١، ٢ و ٣ی پەیوەندیدار بە گارانتۆری و زەمانەتەکانیان بۆ ناوچەکە بجوڵێتەوە، بەڵام ئێمە دەبینین تورکیا ئاسمانی رۆژئاوا و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا بە کار دەهێنێت و بە فڕۆکە هێرش دەکات. وەک دەزانرێت، فڕۆکە و تەکنەلۆژیای تورکیا تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ناتۆن.

 هەروەها گروپە چەتەکانی قاعیدە و داعش لەوێ رێکدەخات. هەر خۆی ماوەیەک ئەوانی بە "سوپای محەمەد" پێناسە کردبوو، بەڵام  ئەوانە هیچ پەیوەندییان بە "سوپای محەمەد"ەوە نییە. ئەردۆغان ئەمڕۆ ئەو گروپانە بەشێوەیەکی ئاشکرا بەکار دەهێنێت و ئەو دەرفەت و توانایی بە گروپانە دەدرێن دەرفەت و تواناییەکانی ناتۆ، ئەوروپا و ئەمریکان. ئەردۆغان بە ناوی دەوڵەتی تورکیاوە سوپایەکی لەو جۆرەی دروستکردووە. بە هاوارکردن و بەرزکردنەوەى دروشمە ئیسلامییەکان، ئیسلامی سیاسیی دوور لە ئیسلامی راستەقینە بەکار دەهێنێت. لەو چوارچێوەیەدا گروپەکان دروست دەکات و بە ئاشکرا رێکیاندەخات و کاریان بۆ دەکات. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بێدەنگییەکی گەورە هەیە. هاوکات دۆزی دۆست و نەیاری ئەمریکا و رووسیا هەیە، کە داویانە بە قەسەدە، کە هێزەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام لە بەرامبەر نادادییەکانی دەوڵەتی تورک دا هیچ هەڵوێستێکیان نییە.

بێگومان ئێمە بە ناوی یەپەگەوە بە بەردەوامی دەڵێین، کە دەبێت ئەمریکا و رووسیا لەسەر خاڵە دیاریکراوەکانی نێوان قەسەدە و تورکیا  راوەستن'. دەبێت لایەنەکان لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قسە بکەن، کە هەموو رۆژێک بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکە. ئەمریکا و رووسیا بەپێی پێوەرەکانی گارانتۆرییەکەیان ناجوڵێنەوە و لەوبارەیەوە هیچ ناڵێن".

نوری مەحمود رایگەیاند، هەردوو وڵاتی گارانتۆری رووسیا و ئەمریکا لەو نزیکایەتی و هەڵسوکەوتانەیان شکۆ و پرستیژی خۆیان لە دەست دەدەن و وتی، "شەهادەتی ٣ ژن لە کۆبانێ، شەهادەتی فەرماندەی ئێمە لە تل تەمر، هێرشی چەتەگەری بۆ سەر شەنگال و لەسەر رێگای ئالیفەرۆ، ئەوە نیشان دەدات، کە ئەو نزیکایەتییە، نزیکایەتییەکی سەربازییە، کە لە یەکتر جیا نین... هەموو ئەوانە بە ناوی ناتۆوە ئەنجام دەدرێن. دەوڵەتى تورک بە ناوی ناتۆوە ئەوانە دەکات. ئەوە لە دژی پێوەرەکانی ناتۆیە. ئەوانەى لە کۆبانێ کوژران ٣ ژنی مەدەنی بوون، لە عەین عیسا منداڵیان شەهید کرد، لە زرگان و تل تەمر هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە باسی ئەوەیکرد، دەبوایە دوای تێکشکاندنی داعش لە سوریا چارەسەرییەکی سیاسی بئافرێنرایە و وتی، "سەرباری چاوپێکەوتنەکان لە جنێڤ، ئاستانە و سۆچی تا ئێستا چارەسەرییەک نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ئێمە دەبینین، کە بابەتی چارەسەریی سیاسی لەمساڵانەى دوایدا لە سوریا لە دەست سوریاییەکان دەرچووە و کەوتووەتە دەست دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە. گروپە چەتەکان بۆ داگیرکەری لەگەڵ ئەردۆغان کار دەکەن و بە رای گشتیی نێونەتەوەیی دەڵێن، 'ئێمە ئامادەین بڕۆین بۆ لیبیا، بڕۆین بۆ ئەرمینیا، نازانم بڕۆین بۆ کوێ و شەڕ بکەین'.

'کردارەکانی تورکیا بۆ سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییەکی گەورەیە"

بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە لەو ناوچانەدا خیلافەتی عوسمانی بەڕێوەدەبرێت. بەهۆی کاریگەریی هەموو ئەوانەوە چارەسەری پێکنایەت. لە رۆژئاوا و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا کورد، عەرەب، تورکمەن، چەرکەز، سوریانی، مسوڵمانان و بڕوا جیاجیاکان، مەسیحییەکان و ئێزدییەکان بە ئاسانی پێکەوە دەژین.

لە مەزاری شەهیداندا لە هەموو زمان و ئایینەکان هەیە. باشە بەبێ گەلانی سوریا لە سوریا چارەسەری بەدی دێت؟ دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکان رێگری لە چارەسەری بۆ سوریا دەکەن. دەبێت کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی ئەو راستییە ببینن".

نوری مەحمود راشیگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەک تەنها کاریگەریی لەسەر رۆژئاوا و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دەکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانەش دەکات، کە ئێستا هێرشەکان نابینن و بەرامبەری بێدەنگن و ئەوەشی وت، "بە دڵنیاییەوە کاریگەری لە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەکات. کردارەکانی تورکیا نەک تەنها بۆ رۆژئاوا و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییەکی گەورەیە. ئەوە تەنها کێشەى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا نییە، بەڵکو کێشەیەکی نێونەتەوەییە".

ژ.ت