دەوڵەتی تورک ٢ کەسی دیکەی لە عەفرینی داگیرکراودا ڕفاند

چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ماباتای عەفرین ٢ کەسیان ڕفاند. چەتەکان بۆ ئازادکردنی ئەو ٢ هاووڵاتییە داوای فیدیە لە کەسوکارەکەیان دەکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار  (ANHA) چەتەکانی 'پۆلیسی سەربازی' و 'ئەل نوخبە'ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە عەفرینی داگیرکرادا ٢ هاووڵاتییان لە گوندی شێخوتکێ لە ناوچەی ماباتای عەفرین بە ناوەکانی ئەحمەد حەنان ڕەشۆ تەمەن ٥٥ ساڵ و مەنان سەعید شێخ سەیدی تەمەن ٣٢ ساڵ رفاند.

چەتەکان ڕفێندراوەکانیان بردووەتە زیندانەکانی ناوچەی ماباتا و دواتر گواستونیانەتەوە بۆ زیندانەکانی عەفرین.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، چەتەکان داوایان لە بنەماڵەکانیان کردووە، کە بۆ ئازادکردنیان دەبێت هەزار ٥٠٠ لیرەی تورک وەک فیدیە بە چەتەکان بدەن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە شێوەیەکی سەرەکی لە عەفرین، کە لە مانگی ئاداری ٢٠١٨ەوە داگیری کردووە و هەروەها هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی تری کردوە بە ڕژێمێکی چەتە و تیرۆریستی و کردەوەی تاوانکاریی وەک کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان،  تاڵانکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ بە هاووڵاتییان، بووە بە کاری ڕۆژانەیان.

بە وتەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ و لە ماوەی چوار ساڵدا ئەو ڕژێمە چەتە و تیرۆریستییەی دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٧٠٠ هاوڵاتیی مەدەنیی لە عەفرین کوشتووە و بەلانیکەمەوە هەشت هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی تریشی ڕفاندووە و چارەنووسی نیوەی ڕفێندراوەکان تا ئێستا دیار نییە. هەروەها بەلانیکەمەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر ٧٠ ژن و هەراسان کراون. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی عەفرین بە زۆر ناچار بە کۆچبەری و ئاوارەیی بوون و زێدی خۆیان بە جێهێشتووە.

ژ.ت