دەوڵەتی تورک لە عەفرین لەماوەی ٢ هەفتەدا ٢٥ کەسی ڕفاندووە

بەپێی ئاماری ڕێخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کانتۆنی عەفرین لانیکەم ٢٥ کەسی ڕفاندووە و نزیکەی ٩٠٠ دار زەیتونی بڕیوە.

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین بۆ ئاژانسی هاوار نیوز، ئاماری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی لە عەفرین ئاشکرا کرد.

ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ٢٥ هاوڵاتی گوند و ناوچەکانی عەفرینی داگیرکراویان ڕفاندووە. شێخۆ لەبارەی بڕینی دارەکانیشەوە رایگەیاندووە، چەتەکانی دەوڵەتی تورک نزیکەی ٩٠٠ دار زەیتونیان بڕیوەتەوە.

ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەر و چەتەکانی ٢ شوێنەواری مێژووییان لە کانتۆنی عەفرین وێران کردووە و دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی هەندێک کۆمیتەی جیاوازەوە ڕای گشتی هەڵدەخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی تاوانەکانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بشارێتەوە.

شێخۆ وتی، چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا (ئەلئەمشات) بە فەرمانی راستەوخۆی میتی تورک تاوان ئەنجام دەدەن.

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، " دەوڵەتی تورک بەردەوامی بە گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین دەدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەبەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێدەنگە."

ف.ق