دەوڵەتی تورک لە ماوەی مانگێکدا لە عەفرین لانیکەم ٤٠ کەسی ڕفاندووە

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان پشتڕاستی کردووتەوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مانگی حوزەیران لانیکەم ٤٠ کەسی ڕفاندووە کە یەکیان منداڵە.

ناوەندی تۆمار کردنی پێشێلکارییەکان ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی سەبارەت بە ڕفاندنی هاووڵاتییان لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی لە عەفرین بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان ڕاگەیەندراوە کە لە مانگی حوزەیراندا ٤٠ کەس لە عەفرین ڕفێندراون کە منداڵیشیان تێدایە.

ناوەندەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ناوی ڕفێندراوەکانی بە ڕوونی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووتەوە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چارەنووسی ڕفێنراوەکان تا ئێستا دیار نییە و داوای فیدیەیان لە کەسوکاری بەشێک لە ڕفێنراوەکان کردووە.

لە کاتی داگیرکارییەکەوە زیاتر لە ١٠ هەزار و ٤٠٠کەس ڕفێنراون

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕژێمێکی هەمەلایەنەی تیرۆری لە عەفرینی داگیرکراو دامەزراندووە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی تۆمار کردنی پێشێلکارییەکان، لە مانگی ئایاردا لانیکەم ٣٠کەس ڕفێنراون.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، ساڵی ٢٠١٨ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٤ لانیکەم ١٠هەزار و٣٣٢ کەس ڕفێندراون و٤٦٣ کەسیش کوژراون.