'دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رێگە نادات تیمەکانی رزگارکردن بچنەناو ناوچەی جندرێسەوە'

دانیشتوویەکی ناوچەی جندرێس رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رێگە لە پەڕینەوەی هاوکاری بۆ ناو ناوچەی جندرێس دەگرێت و وتی، "زیاتر لە ٧٠ خانوو بە تەواوەتی رووخاون و تیمەکانی بەهاناوەچوونیش ناتوانن بێنە ناو ناوچەکەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە ناوچەی جندرێسی هەرێمی عەفرینی داگیرکراو زیاتر لە ٧٠ بینا و خانوو رووخاون و تیمە فریاگوزارییەکانیش رەوانەی ئەو شوێنە نەکراون.

راگەیەندرا کە زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی کوردی رەسەنی عەفرین لە ناوچەی جندرێس لە ژێر بینا رووخاوەکاندا ژیانیان لەدەستداوە و رەنگە ژمارەکە زیاتریش بێت و زۆرینەی ئەو کەسانەی رزگار کراون لە پێکهاتەی عەرەبن کە دوای داگیرکردنی عەفرین لەو شارە نیشتەجێ کراون.

بە گوێرەی سەرچاوەکە لایەنە ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک رێگەنادەن راگەیاندنەکان بچنە ناو نەخۆشخانەی عەفرین. تەلەفونەکانیان لە پەرەستار و پزیشکەکان وەرگرتووە و رێگەنادەن لە نەخۆشخانەکە بچنە دەرەوە. زیاتر لە ٤٠٠ تەرمی نەناسراو لە نەخۆشخانەکەدایە و تادێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رێگری لە چوونی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی جندرێس دەکات. تەنانەت ئاو و پێداویستییە سەرەکییەکان ناچنە ناو ناوچەی جندرێسەوە، هەر وەها بارەگا سەربازییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەی جندرێس بانگەوازییەکانی گەل بۆ هاوکاری رەتدەکەنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان لە دەروازەی باب ئەلهەوا پەڕیونەتەوە بۆ ناو ساری عەفرین. بەڵام کاتێک بە ناوچەی جندرێسدا تێپەڕبوون ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەو هاوکارییانەی کە بۆ گەل نێردرابوون دزران.

هـ . ب