فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕ: لە بەرانبەر کوشتنی ژناندا یەکێتی خۆمان بە هێزتر دەکەین

فیدراسیۆنی ژنانی برینداری شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی توندوتیژی لەسەر ژنان ڕاگەیاندراوێکی دا و گوتی: "لە بەرانبەر کوشتنی ژنان یەکێتیمان بە هێز دەکەین و بە خۆپاراستن ئازادییمان مسۆگەر دەکەین."

فیدراسیۆنی ژنانی برینداری شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی توندوتیژی لەسەر ژنان، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەرکراوە لە چەند ڕۆژی دواییدا ژنانی گەنج لە هەرێمی مەنبەجی داگیرکراو لە ژێر ناوی شەرەفدا لە لایەن باوک و براکانیانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون و گوترا: "ئەو دوو ژنەی کە لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەوە ڕفێنرابوون، دەستدرێژییان کرابووەسەر و لە دوای ئازاد کردنیان لە لایەن خزمەکانیانەوە دەکوژرێن. لە دوای داگیرکردنی شاری مەنبەجەوە ڕووداوی بەمجۆرە زیادی کردوە. وەک بریندارانی شەڕی ژن کوشتنی ئەو ژنە بە توندی شەرمەزار دەکەین."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە کاری بەمجۆرە کە ڕۆژانە لە زیادبوونە، هۆکارەکەی سیستەمی پیاوسالاری و شەڕخوازە و گوترا: "سیستەمی دەوڵەت پەرەست لە کەسێتی ژناندا هێرشی جەوهەری مرۆڤایەتی دەکات. هەوڵدەن ڕۆح و هەستی مرۆڤەکان پیس بکەن. ئەمەش بە ناوی 'شەرەف' دەکەن و شەرعییەت بە کوشتن دەدەن. بانگەواز لە ژنانی تێکۆشەر و عەوداڵی ئازادی دەکەین دەستی یەکبگرین ئەم سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارییە لە ناوببەین. بە بەرخۆدان، ژنان و کۆمەڵگە لەم زوڵم و دڕندەیە ڕزگار دەکەین، ژیانێكی ئازاد، یەکسان و سۆسیالیست بونیات دەنێین."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە لە ناو ڕیزەکانی تەڤگەری ژنانی ئازادی کوردستاندا بە هەزاران ژنە شەڕڤان بۆ پاراستنی شکۆ و کۆمەڵگەکەیان لە نێو بەرخۆدان و تێکۆشانی بێهاوتا دان و گوتی: "ئیدی ژنان هۆشیارن، یەکێتی خۆیان بونیات ناوە و دەزانن خۆیان و کۆمەڵگە بپارێزن. ئەمەش لە سایەیی ڕەنج و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆوە کە ڕێگەی پێشکەوتنی لە بەردەم ژنان کردۆتەوە.

بەم بۆنەیەوە دەبێت تەواوی ژنان، گەنجان و ڕەنجدەرانی کۆمەڵگە خاوەندارێتی لە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بکەن، هێزی پاراستنی خۆیان بە هێز بکەن. لە بەرانبەر کوشتنی ژنان یەکێتی خۆمان بە هێزتر دەکەین و بە خۆپاراستن ئازادییمان مسۆگەر دەکەین."