گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەوری قەسەدە یەکدەگرن
دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە تەل حەمیس و تربەسپی بە ڕێپێوانی جەماوەری سڵاو لە تێکۆشانی قەسەدە کرا.
دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە تەل حەمیس و تربەسپی بە ڕێپێوانی جەماوەری سڵاو لە تێکۆشانی قەسەدە کرا.
لە شاری تەل حەمیس و تربەسپی کانتۆنی جەزیرە بۆ پشتگیری قەسەدە، گەل ڕژانە گۆڕەپانەکان.
تەل حەمیس
دانیشتووانی شاری تەل حەمیس و گوندەکانی دەوروبەری بە بەشداری شێخ و ڕیشسپی عەشیرەتە عەرەبەکان ڕێپێوانیان کرد.
ڕێپێوانەکە بۆ پشتگیری قەسەدە دژی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا و لە بەردەم ناوەندی مەجلیسی شارەکە دەستی پێ کرد، لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی پشتگیری لە بەرخۆدانی قەسەدە و دژی هێرشە داگیرکارییەکان بەرزکرایەوە، منداڵانیش وێنەی ئەو منداڵانەیان هەڵگرت کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیدا شەهیدبوون.
ڕێپێوان لە باکووری شارەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، نوێنەری کۆنگرەی ستاری تەل حەمیس خالیە ئەل جاسم گوتی: "دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگری لە بەشداری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە بنیاتنانی سوریای نوێ. دەیەوێت پرۆژەی تیرۆریستییەکەی لە هەرێمەکە بەدی بهێنێت".
هاوسەرۆکی پارتی پارێزگارانی شاری تەل حەمیس فەرەج ئەل ئیبراهیم باسی لە تێکۆشانی قەسەدە بەرامبەر هێرشەکان کرد، گوتی: "هەموومان بڕوامان بە سەرکەوتنی هێزەکانمان و گەلەکەمانە بەرامبەر تیرۆر. ئەم باوەڕەش دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیری گەلەکەمان لە قەسەدە".
دواتر شێخی عەشیرەتی تەی حەسەن ئەل فەرحان تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەلانی هەرێمەکە دژی هێرشەکان و ڕایگەیاند لەسایەی پرۆژەی خوشک و برایەتی گەلان کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشی کردووە، یەکێتیی نیشتیمانیی نێوان عەشیرەتەکان بەهێز بووە.
شێخ حەسەن جەختی کردەوە پێویستە پشتگیری لە قەسەدە بکرێت، گوتی: "قەسەدە نوێنەرایەتی ئێمە دەکات. ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان دەپارێزین. بە دڵ و گیان لەگەڵ قەسەدەین".
تربەسپی
پێکهاتەکانی شاری تربەسپی بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی "جەیش ئەل وەتەنی"یان شەرمەزار کرد و پشتگیریان بۆ قەسەدە نیشان دا.
سەدان کەس لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوون، لەبەردەم بینای پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی شارەکە دەستی پێ کرد، ئاڵای قەسەدە و پانکارت بە بانگەوازی یەکگرتن هەڵگیران و درووشمی "هەموومان قەسەدەین... قەسەدە هیوای ئێمەیە" بەرزکرایەوە.
ڕێپێوانەکە لە بازاڕی ناوەندی گۆڕا بۆ گردبوونەوە، ئەندامی مەجلیسی گشتی پەیەدە سلێمان عەرەب قسەی کرد، ڕایگەیاند بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە ڕێپێوانەکە دەرخەری بەردەوامیی یەکێتیی گەلانە.
سلێمان گوتی: "پێکهاتەکانی هەرێمەکە بە کورد و عەرەب و سوریانییەوە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی پشتگیری لە قەسەدە دەکەن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەخۆ و یەکێتی گەلی پاراست، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلی کورد قڕبکات و ناوچەکانی تری سوریا داگیر بکات.
سلێمان لە کۆتاییدا گوتی: "پێکهاتەکانی هەرێمەکە بە هاوکاری قەسەدە دەتوانن پلانەکانی داگیرکاری تێکبشکێنن و بەرەو سوریایەکی دیموکراتیکی لامەرکەزی هەنگاوبنێن".