گەلی دەیرەزۆر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزارکرد

گەلی کانتۆنی دەیرەزۆر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزارکرد، داوایان لە هەمووان کرد لەدەوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆببنەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بینای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناوچەی مەعاملی دەیرەزۆر لەلایەن هاوسەرۆکی یەکێتی بەڵێندەران زوبەیدە عەنتەر خوێنرایەوە، نوێنەری دامەزراوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەری کۆمیتەکانی ژنان ئامادەبوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرخەری شکستی ئیدارەی ئەردۆگان و پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە بۆ تیرۆریستان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە دیداری عەشیرەتەکان کە لە حەسەکە بەسترا، عەشیرەتەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دووپاتکردۆتەوە و دەڵێت: "دەزانین ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە دوژمن دەورەدراوە، ئەوەش بەهۆی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری کردووە، هەر ئەمەش وا دەکات لەدەوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆببینەوە و بە هەموو توانایەک پشتیوانی بکەین، هەروەها هەنگادەنێین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئەنجوومەنی ئاسایش شەرمەزارکراوە کە بە کڕوکپی دەڕوانێتە دڕندەیی ئەردۆگان، لەکاتێکدا ئەردۆگانی تاوانبار هەموو نۆرم و پەیمانە نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە.