گەنجانی ڕەقە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج و مەجلیسی گەنجانی پارتی سوریای ئایندە، بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد.

گەنجان لەبەردەم بینای تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا کۆبوونەوە و بە ڕاگەیاندراوێک پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم پیلانگێڕییە دابڕاو نییە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پیلانەکان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە و داڕێژانەوەی نەخشەی عوسمانیزمی نوێ، بەڵام ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی مەزنی هەبووە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئیمپریالیستەکان و پیلانەکانیان، بۆیە دوورخستنەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بە پێویست زانی بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان.

ڕاگەیاندراوەکە تیشکی خستۆتەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دەڵێت: "بەڵام ئەوەیان لەبیرچوو، فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەی بەرگرینامەکانیەوە زیاتر تەشەنەی کرد

بوو بە ڕێگەی ئازادی و تێکۆشانی گەلانی هەرێمەکە، لەڕێگەی ئەم فیکرەوە گەلانی چەوساوە و تینووی ئازادی توانیان بە ئازادی و کەرامەت و یەکسانی و دادپەروەرییەوە بژین، هەر ئەم فیکرە ڕۆڵی مەزنی بەخشیوە بە گەنجان و ژنان لە جڤاکدا و بەرگری لێ کردوون، ڕۆڵی پێداون لە هەموو بوارەکان و لە هەموو ئاستەکاندا، لەپێناو ڕزگارکردنیان لە شێوازەکانی شەڕی تایبەت و سەرمایەداری.

بە فاشیزمی تورک و چەتەکانی دەڵێین، ناتوانن خۆرەکەمان تاریک بکەن و خۆری ئێمە ڕێبەرمانە، دڵنیایین لە نزکترین کاتدا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دەهێنین، ئازادی ڕێبەرمان ئازادی ئێمەیە، ئازادی ئێمەش ئازادی ڕێبەرمانە".

لەکۆتاییدا بانگەواز لە هەموو گەلانی چەوساوە دەکەن بەشداربن لە هەڵمەتەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.