'گەریلا بۆ ئێمە هیوا و ئازادییە'
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات محەمەد عەینۆ وتی، هەرچیەک رووبدات ئەوان رێچکەی گەریلاکانیان دەگرنەبەر.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات محەمەد عەینۆ وتی، هەرچیەک رووبدات ئەوان رێچکەی گەریلاکانیان دەگرنەبەر.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات محەمەد عەینۆ سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی بۆ سەر گەریلا، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
محەمەد عەینۆ رایگەیاند، کە بە دامەزراندنی پەکەکە مرۆڤایەتی رووی لە ژیانێکی نوێ کرد کە ئەو ژیانە رەنگینە و هەموو کەس دەگرێتەخۆ و وتی، "رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێویستی زانی پەکەکە دابمەزرێنێت و ئەو سوپایەشی کە دامەزرا یەک وتە بۆ خۆی بە بنەما گرت و ئەوەش بریتیبوو لەوەی کوردستان کۆلۆنی و داگیرکراوە و دەبێت لەپێناو کوردستان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبکۆشین. لەسەر ئەو بنەمایە گەریلاکانمان دەستیان بە تێکۆشان کرد و تائێستاش بەردەوامە".
محەمەد عەینۆ تیشکی خستە سەر تێکۆشانی گەلی کورد و ئەوەی خستەروو، "گەلی کورد بە دامەزراندنی پەکەکە خۆی نوێکردەوە. دەوڵەتی تورکیش وتی، کە ئێمە چیمەنتۆ و کۆنکرێتمان کردەوەتە سەر ئەوان و هیج شتێک بەناوی کورد بوونی نەماوە و ئیتر کەس ناتوانێت بڵێت لەپێناو دۆزی گەلی کورد رادەپەڕم و ناتوانێت باسی ئازادی کوردستانیش بکات. بەڵام لەسایەی رێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە ئەو کۆنکرێتە هەڵتەکێندرا و پەردەی مردن دڕێندرا. ناوی گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان دەنگیدایەوە و وتیان کە ئێمە هەین و خۆیان سەلماند. ئێمەی کورد بوونمان هەیە و کوردستانیش هەیە و ئەم کێشەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر دەکرێت".
عەینۆ وتی، ئەوان لە رێگەی ئەندێشە فرەرەنگ و دەوڵەمەندەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە هەڵساونەتەوە سەرپێ و بەم جۆرە بەردەوامبوو: "ئێمە لەسایەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ ئازادی و ژیانمان ناسی، ئێمە فرەیی و دەوڵەمەندی پێکهاتەکانمان ناسی و ئێمە لە سایەی ئەوانەدا گەیشتینە ئەم رۆژانە. ئەوەتا جارێکی دیکە گۆشەگیرییەکی دژوار لەسەر رێبەر ئاپۆ هەیە و دەیانەوێت لە رێگەی ئەو گۆشەگیریەوە دابڕاندنێک لە نێوان گەل و رێبەرئاپۆدا ساز بکەن. ئێستاش دەبینین کە رۆژانە لە چیا ئازادەکان بە چەکی کیمیایی هێرش ئەنجام دەدرێت. ئامانجی ئەوان لەناوبردنە و بەپێچەوانەشەوە ئامانجی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان ژیانێکی یەکسان و ئازاد بونیاد بنێن".
محەمەد عەینۆ ئەوەی خستەڕوو کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر خاکی کوردستان زیاد دەبن و ئەوەشی خستەڕوو، "لە کۆنەوە تائێستا خیانەت دەکرێت. ئەمرۆش ئێمە دەبینین کە بە دەستی بنەماڵەی بارزانی چەکی قەدەغە دەگوازرێنەوە بۆ چیا ئازادەکان. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە دەستی بنەماڵەی بارزانی دەگوازرێتەوە بۆ ناو هەرێم. ئەمە خیانەتێکی نوێ نییە. دەوڵەتانی گەرنتیکار و نێونەتەوەییش لەوە بێدەنگن کە گوایە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ئەرکدار کراون. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتان کاردەکەن".
محەمەد عەینۆ بەم جۆرە کۆتایی بە وتەکانی خۆی هێنا: "گەریلا بۆ ئێمە هیوا و ئازادین. ئێمەش بەردەوام بەو ئامانج و هیوایەوە بەدوای گەریلاکانمانەوە دەبین. ئێمە تا سەر لە پشت هێزەکانمانەوە دەبین و ئێمە ئامانجەکانمان دەهێنینەدی".
هـ . ب