گرین ریپۆرت: دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، جیهانیش چاوی نوقاندووە

رۆژنامەی ژینگەپارێزی گرین ریپۆرت لە ئیتالیا کە رووماڵی پرسەکانی ئیکۆنحمی ئیکۆلۆژیک دەکات، ئاماژەی بە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا کردووە.

لە هەواڵێکدا کە لەلایەن رۆژنامەوان ئومبێرتۆ مازانتینی لەسەر ماڵپەڕی گرین ریپۆرت بڵاوکراوەتەوە باس لە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر ئەوە کراوە. رۆژنامەی گرین ریپۆرت لە ئیتالیا بە شێوەی چاپکراو و ئۆنلاین وەشانی هەیە و یەکەم نمونەی کاری رۆژنامەوانی لەو جۆرەیە لە ئیتالیا.

ماڵپەڕی گرین ریپۆرت لە ساڵی ٢٠١١ هاوکاری لەگەڵ بەشی ژینگەیی رۆژنامەی لا ریپابلیکا دەکات و پەخش و وەشانی هاوبەشیان هەیە. لە هەواڵی ماڵپەڕەکەدا بە ناونیشانی "سوپای تورک بە چەکی قەدەغە و بۆمبی چەپەڵ بۆردومانی گەریلاکانی کورد دەکات، هاوشێوەی ئوکرانیا و غەززە روودەدات، بەڵام جیهان چاوی نوقاندووە و رووی کردووەتە لایەکی دیکە".

ئومبێرتۆ مازانتینی بە کورتی باسی لە دووڕوویی و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کردووەتەوە نوسیویەتی: "شەڕەکان لە ئوکرانیا و فەلەستین دەرفەتی بۆ ئەو دەوڵەتانە رەخساندووە کە لە دەرەوەی سەرنجی رای گشتی شەڕی چەپەڵی خۆیان بەڕێوەببەن. تورکیا کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە، لە نێوان رووسیا و ئوکرانیادا نێوەندگیری دەکات، قڕکردن و بۆردومانی نایاسایی کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات شەرمەزار دەکات، داوا دەکات کە رێز لە مافی خۆبەڕێوەبردن و مافی فەلەستینیەکان بۆ هەبوونی دەوڵەت بگیرێت. بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە گەلی کورد بەتەواوەتی بە پێچەوانەی ئەوە دەکات، لە وڵاتەکەی خۆی ستەمیان لێدەکات و دەیانگرێت؛ لە سوریا و عێراقیش هێرش دەکات و داگیرییان دەکات، بۆردومان دەکات و دەیانکوژێت؛ بەهەمان ئەو چەکە قەدەغەکراوانەی کە کەسانی دیکە لە دژی گەلانی دیکە بەکاریان دەهێنن، هێرش دەکات و دەڵێت کە رێز لە مافی کەسانی دیکە دەکرێت کە چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن".

مازانتینی سەرنجی راکێشاوە بۆ سەر ئەو دیمەنانەی یەژاستار ٢٧ی ئایار بڵاویکردبووەوە، سەبارەت بە بەکارهێنانی تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکارهێنرابوون.

مازانتینی نوسیویەتی: "لە غەززە و ئوکرانیا مرۆڤەکان دەکوژرێن، بەڵام ئێمە چەند زوو کوردەکانمان لەبیرکرد کە بەدەیان ساڵە لەپێناو ئازادیدا دەکوژرێن. گەلانی دیکەش بە هەمان شێوە لەپێناو ئازادیدا دەمرن. ئەوەی کە وڵاتێکی هاوپەیمانمان بە چەکە کیمیاییەکان ژەهراویان دەکات، ئازادی ئێمەیە. پشت ئەستور بەوەی چاوپۆشی لێدەکرێت و لە سزا قوتاری دەبێت و ئێمە بۆنی کیمیایی شەڕی داگیرکەری و سڕینەوە ناکەین، ئەوە دەکات".

هـ . ب