هاجەر سلێمان: دوژمن لە ئێسکی شەهیدانیشمان دەترسێت

ئەندامی کۆمیتەی ئاشتەوایی ئەنجومەنی ناوچەی ئەحداس هاجەر سلێمان باسی لە رۆژانی بەرخودانی سەردەم کرد و وتی، ئەوە شەڕی مان و نەمان بوو، لەو بەرخودانەدا دایکان خۆیان شەهیدبوونی رۆڵەکانیان رادەگەیاند و ماڵئاواییان لێدەکردن.

هاجەر سلێمان ئەندامی کۆمیتەی ئاشتەوایی ئەنجومەنی ناوچەی ئەحداس کە دایکی دوو شەهیدە و ساڵی ٢٠١٤ ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەی راجۆی عەفرین بوو، لە سەرەتای قسەکانی باسی لە ساتەکانی بەرخودانی سەردەم کرد و وتی، لەگەڵ دژواربوونی شەڕ، شەهیدیش دەدرێن، بۆیە کە شەڕ چڕبووەوە، ئێمە لە راجۆوەوە روومان کردە عەفرین و ماوەی ٥٨ رۆژ لە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی عەفرین خەباتمان کرد. کاتێک ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی شەهیدان دەهاتن بە گوێرەی ناوچەکان خۆمان رێکدەخست. رۆژێک ناوی شەهیدەکە رادەگەیەندرا و رۆژی دیکە مەراسیم ساز دەکرا. رۆژانە ١٥ بۆ ٤٠ شەهید بەخاکدەسپێردران.

هاجەر سلێمان ئاماژەی بە ورەی بەرزی بنەماڵەی شەهیدان کرد لە کاتی بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی رۆڵەکەیان و وتی، هێز و ورەمان لەو بنەماڵانە وەردەگرت. لەبەر ئەوەی گەلێکە کە تا سەر لەگەڵ رێکخراوەکەی خۆیدایە. زۆر جار کە دەچووینە ماڵێک و هەواڵی شەهیدبوونی منداڵەکەیانمان بەوان دەدا، هەر زوو روویان دەکردە منداڵێکی دیکەیان و پێیان دەوتن، "ئێوە بۆ ناچن دەست نادەنە چەک، شەڕ گەیشتووەتە بەر دەم ماڵمان، کێ ئێمە بپارێزێت'.

هاجەر سلێمان کە پێشتر کوڕێکی بە ناوی عەگید شەهید ببوو، لە بەرخودانی سەردەمدا کچێکیشی شەهیدبوو، هەرخۆیشی هەواڵی شەهیدبوونەکەی راگەیاند و ولەو بارەوە وتی، "رۆژانە پەیوەندیم بە کچەکەم زیلانەوە هەبوو. بەڵام دواین جار وتی، فڕۆکە بە ئاسمانەوە دەسوڕێتەوە و نەیتوانی زیاتر قسە بکات. رۆژێکیان لە ماڵەوە بووم، هاوڕێیانم لە دەزگای شەهیدان هاتن و وتیان شەهادەتی دووەم لەبەردەم ماڵەکەتدایە، ئەو کاتە زانیم زیلان شەهیدبووە، لەبەر ئەوەی بە بۆردومان شەهیدببوو، تەرمەکەی نەمابوو، ئەو رۆژە من خۆم هەواڵی شەهیدبوونی کچەکەمم راگەیاند. ئەو کاتە شەڕی مان و نەمان دەکرا، لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکەرییە بۆ رۆژێکی گەلەکەمان لە اڵی خۆیان بە ئاسودەیی نەخەوتن".

دایکە هاجەر باسی لەوەکرد، کە لەگەڵ دژواربوونی شەڕ، کارەکانیان وەک دەزگای بنەماڵەی شەهیدان قورستر بووە و جگە لە راگەیاندنی ناسنامەی شەهیدان و مەراسیمی بە خاکسپاردنیان، کارەکانی خواردن ئامادەکردن بۆ شەڕڤانان، پێشوازی لە میوانان و زۆرجاریش کاری کفن کردن و بەڕێکردنی تەرمی شەهیدەکایسیان ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە رۆژێک لە گەڵ هاوڕێکانیان کە سەرقاڵی پێشوازی لە تەرمی شەهیدەکان بوون بۆ ئەوەی کفنیان بکەن، یەکێک لە هاوڕێکانیان کە ١٠ ساڵ بوو براکەی نەبینیبوو، تەرمی ئەو برا شەهیدەی هات و هەر بۆخۆی کفنی کرد و خستیە ناو تابووتەوە. جارێکیشیان هاوڕێیەکیان باسی لە خوشکەزایەکی کردبوو کە شەڕڤانی یەپەژە بووە و باسی ئەوەی بۆکردبوون کە خوشکەزاکەی وەسیەتی کردووە کە پوری تەرمەکەی کفن بکات، دوای ماوەیەک تەرمی خوشکەزا شەهیدەکەی هێنرا و وەک ئەوەی خۆی وەسیەتی کردبوو لەلایەن پووریەوە کفن کرا.

جەختیشی کردەوە کە ئەو شەڕەی لە دژی گەلی عەفرین دەکرا شەڕ لەناوبردن و قڕکردن بوو، بۆیە گەل لەبەرامبەر ئەوە خۆڕاگری دەکرد و هەرگیز هەنگاویان بۆ دواوە نەنا و پاشەکشێیان نەکرد.

هاجەر سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، کە دوژمن لە ئێسکی شەهیدەکانیشیان دەترسێت و دەوڵەتی تورک هەرسێ گۆڕستانەکەی شەهیدانی لە عفرین تێکداوە، چونکە لە ئێسکی شەهیدەکانیشمان دەترسێت. ئەو دەوڵەتانەی بانگەشەی مافەکانی مرۆڤ دەکەن ئایا وڵاتی کەسیان بە بێ شەهید دروست کراوە و هەرگیزی بیر لە شەهیدەکانی خۆیان ناکەنەوە؟ شەهیدەکان سنگیان لەبەرامبەر هێرشی فرۆکە و تانک کردە قەڵغان و لەپێناو ئەم وڵاتەدا شەهیدبوون".  

لە کۆتایی قسەکانیشدا هاجەر سلێمان ئەندامی کۆمیتەی ئاشتەوایی ئەنجومەنی ناوچەی ئەحداس کە دوای داگیرکردنی عەفرین وەک کۆچبەر روویان کردووەتە شەهبا وتی، ئازادی بە بێ رەنج و قوربانیدان بەدەستنایات. ئێمەش بە رەنج و خوێنی رۆلەکانمان ئازادی بە دەستدەهێنین و تائێستا لە مێژووی بنەماڵەکاندا بەردەوام خوشک چەکی براکەی کردووەتە شان و خوشکەزا و برازا چەکی پوریان لە شان کردووە. مێژووی شەهیدان لە یەکتر دانابرێت و بنەماڵەکان شانیان داوەتە بەر ئەو بارە و تا کۆتایی رێچکە و رێبازی رۆڵەکانمان بەرنادەین و وڵات و ئازادی خۆمان بەدەستدەهێنین و بە سەربەرزی دەگەڕێینەوە بۆعەفرین. سەرلەنوێ ئێسکی رۆڵەکانمان کۆدەکەینەوە. گۆڕستانی شەهیدان دروست دەکەینەوە. وەک دایکێکی عەفرین، ئێمە بە بێ منداڵ دەژین بەڵام بە بێ خاک و بە بێ شکۆ ناژین".

هـ . ب