هاوسەرۆکانی تەڤدەم بۆ بەرزکردنی تێکۆشان بانگەوازیان کرد

هاوسەرۆکانی تەڤدەم لە کۆنگرەکەیاندا قسەیان کرد و رایانگەیاند، دوژمن بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان، بەرخۆدان و شۆڕش دەکاتە ئامانج و بانگەوازیان بۆ بەرزکردنی تێکۆشان کرد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٤مین کۆنگرەی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) لە ناوەندی کەلتوری و هونەری ئارام تیگران لە شاروچکەی ڕمێلانی قامشلۆ بە دروشمی ' کەلتوری دیموکراتی بە دەزگا دیموکراتیەکان دروست دەبێت' ئەنجامدرا.

لە کۆنگرەکەدا غەریب حسۆ و زەلال جەگەر هاوسەرۆکانی تەڤدەم قسەیان کرد.

زەلال جەگەر بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و وتی، " بێگۆمان ئەم کۆنگرەیە لە کاتێکی زۆر گرنگدا ئەنجامدراوە. لەکاتێکدا کە ئێمە گفتوگۆ لەسەر کار و خەباتی خۆمان دەکەین، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ داستانی قارەمانێتی دەنووسنەوە و هەرێمەکە و ئاسایشی کۆمەڵگا دەپارێزن. گەلەکەمان لە هەموو شار و ناوچەکان لەسەرپێیە و شەهیدەکانیان بەخاکدەسپێرن."

زەلال جەگەر یادی شەهیدانی هەنگاوی گورزی گەلانی کردەوە و وتی، " کەی گەلەکەمان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوژمن هێرشی کرد بۆ ئەوەی ئیرادەی ئێمە و بەرخۆدان و شۆڕشی دیموکراتیک تێکبشکێنێت. بەڵام سەرکەوتنی لە حەسەکە بەدەستهێنرایەوە، ئەوەش پیشانی جیهانیدا کە هێرش و پلانەکانی دژی هەرێم و تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی و پاراستنی سوریا بە گشتی و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی هیچ کاتێک ڕاناوەستێت.

زەلال باسی ئەوەشی کرد کە لە سایەی فیداکاری و تێکۆشانی شەڕڤانان، شەهیدان و بەرخۆدانی گەل سەرکەوتن بەدەستهێنرا و هەروەها داوای بەهێزکردنی تێکۆشان و بەرەوپێشەوەبردنی کۆمەڵگای لە ڕووی عەقڵیەتەوە کرد.

زەلال جەگەر ئەوەی خستەڕوو کە لەسەر دوو بەرەی سەرەکی کار و خەبات دەکەن، رزگارکردنی هەرێمەکانی ژێر داگیرکەری چەتەکان و دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە ئاسایشی هەرێمەکەش تێکدەدەن. هەروەها بەرەوپێشەوەبردنی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بناغەی هزر و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد.

جەگەر ئاماژەی بە دامەزراندنی یەڤدەم کرد و وتی، " تەڤدەم ١١ ساڵە تێدەکۆشێت و رۆڵێکی گەورەی لە شۆڕشی باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بینیوە. خۆی گەیاندە هەموو گەلانی هەرێمەکە و لە هەموو بوارەکاندا خۆی پێشخست."

'هەنگاوی گورزی گەلان بۆ هەرێمەکە قۆناغی سەرکەوتێنێکی نوێیە'

هەروەها غەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤدەم قسەی کرد و سازکردنی کۆنگرەکەی لە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕیبەری گەلی کورد، شەهیدانی هەنگاوی گورزی گەلان و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیرۆز کرد و وتی، " بەرخۆدانی گەل و شەڕڤانان لە هەنگاوی گورزی گەلاندا بۆ هەرێمەکە قۆناغی سەرکەوتنێکی نوێیە."

غەریب حسۆ ئاماژەی بە هێرشی داعش بۆ سەر زیندانی سەناعەی حەسەکە کرد و وتی، " کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئیستا دۆسیەی تیرۆری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چارەسەر نەکردووە. بە کوشتنی سەرچەتەی داعش عەبدوڵلا قارداش (ئەبو ئیبراهیم ئەلقورەیشی) دۆسیەی تیرۆر لە هەرێمەکە کۆتایی نایەت. پێویستە حساب لەو لایەنانە بخوازرێت کە پشتگیری لە گرۆپە چەتەکان دەکەن کە ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە تێکدەدەن."

حسۆ وتیشی، " تەڤدەم لە دامەزراندنیەوە، بە شێوەیەکی جددی کێشەکانی هەرێمەکە چارەسەر دەکات. بۆ بەدیهێنانی هیواکانی گەلانی هەرێمەکە تێکۆشاوە و تێدەکۆشێت."

'تەڤدەم بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکان وڵات تێدەکۆشێت'

غەریب حسۆ راشیگەیاند، لە سەرەتای ئاڵۆزی سوریا زۆر لایەن هەوڵیانداوە گەلی هەرێمەکە لە ژێر کۆچبەریدا بێئیرادە بکەن و وتی، " بەڵام تەڤدەم بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزی سوریا لە وەڵات تێکۆشانی کرد. بۆ یەکێتی کوردان ڕۆڵێکی گەورەی بینی. لەگەڵ ئەوەی زۆر رووداو لە هەرێمەکە روویاندا، بەڵام رۆلێکی گرنگی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی هەرێمەکە لەسەر بناغەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بینی. ئێمە لسەر بناغەی ڕێکخستنی کۆمەڵگا، جێبەجێکردنی دیموکراسی و سەرخستنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی بەردەوامی بە تێکۆشانمان دەدەین."

ف.ق