دەستپێشخەریی گەلی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستپێشخەری سوریا، بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە دروشمی “خەڵكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای كۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان و ئازادیی جەستەیی دەكەن”، هەڵمەتێكی بۆ كۆكردنەوەی واژۆ دەستپێكرد.
هەڵمەتەكە لەڕێگەی ناردنی نامەیەك بۆ سی پی تی، بەناوی گەلانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بەو پێشێلكارییە یاساییانەی، كە دەوڵەتی فاشیستی تورك لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامی دەدات، دەستیپێكرد.
بڕیارە هەڵمەتەكە تا ١٥ی شوبات، لەسەر ئاستی شار و شارۆچكە و ناوچەكانی ڕۆژئاوا، باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام بێت.
پرۆتۆكۆڵی هەڵمەتەكە لەسەر بنەمای كۆكردنەوەی واژۆ پێكهاتووە و ناو و پاشناو، ناوی شار و واژۆكردن بە دەست لە خۆدەگرێت.
لەوبارەیەوە پەروین یوسف، ئەندامی دەستپێشخەریی گەلی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بە ئامانجەكانی هەڵمەتەكە بە ئاژانسی هاوار نیوزی ڕاگەیاندووە، "بۆ ئەوەی بتوانین دەنگ و داواكارییەكانمان بە سی پی تی بگەیەنین و بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارێتی مرۆیی و یاسایی خۆیان سەبارەت بە ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان جێبەجێ بكەن، هەروەها دەرفەت بۆ پارێزەران و بنەماڵەكان بڕەخسێنن، كە دیدار ئەنجام بدەن وكۆتایی بە گۆشەگیریی توند بهێنرێت، ئەو هەڵمەتەمان ڕاگەیاندووە".
بە گوێرەی زانیارییەكان نوێنەرانی پێكهاتەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە كورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی بەشداریی لە هەڵمەتەكە دەكەن.
پەروین یوسف هەروەها داوای لە گەلانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەرجەم ڕێكخراو و دامەزراوە و بزووتنەوەكان لە ناوچەكە كرد، "بۆ شكاندنی بێدەنگی نێودەوڵەتی و كۆتاییهێنان بە نادادپەروەری بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان، بەشداری هەڵمەتەكە بكەن".
هەر بە پێی زانیارییەكان، دوای هەڵمەتەكە بەڵگەی واژۆكان بۆ ئازادكردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕادەستی دەستپێشخەریی سوریا دەكرێت و ئەوانیش ئەو بەڵگانە بۆ سی پی تی دەنێرن.
هـ . ب