هێرشە داگیرکارییەکان زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گەیاندووە

لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە کە ژێرخانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بە ئامانج گرتووە، زیانێکی زۆر بەر کەرتە ستراتیژییە خزمەتگوزارییەکان کەوتووە.

لە درێژەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەت لە هێرشەکانی ٢٣ی تشرینی یەکەم بەدواوە کە ئامانج لێی پەکخستنی ژێرخانی ئابووری ئەو هەرێمەیە، زیانێکی زۆر بەر کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، سوتەمەنی و هەتا نانەواخانەکانیش کە سەرچاوەی خواردنی هاوڵاتییانی هەرێمەکەیە کەوتووە. لە دەرنجامی ئەو هێرشانەدا وێڕای وێرانکردنی ژێرخانی ئەو هەرێمە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان، کرێکاران و هێزەکانی پاراستنی هەرێمەکە شەهید بوون.

وێستگەی نەوتی ئەل سەعید

کۆگای سەرەکی وێستگەی نەوتی ئەل سەعیدی شاری تربەسپی کە یەکێکە لە کۆگا گەورەکانی کانتۆنی جزیرە بە هۆی هێرشەکانەوە بە تەواوەتی سوتاوە. ئەم کۆگایە پێشرتیش لە ساڵی ٢٠٢٣دا بووە بە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.

وێسگەی ئۆدا

وێستگەی ئۆدا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی تربەسپی، یەکێکە لە وێستگە گەورە و ستراتیژییەکانی کانتۆنی جزیرە. سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبایە بۆ ناوەند و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان. وێستگەکە بە گاز کاردەکات. هەروەها پەترۆڵ، گاز و سوتەمەنی بەرهەم دێنیت.

ئەم وێستگەیە لە هێرشەکانی شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەمدا بووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و زیانێکی زۆر بە ئامێرەکانی کەوت کە بە ملیۆنان دۆلار خەمڵێندراوە.

ئەمە چوارەم جارە ئەم وێستەگەکە دەبێتە ئامانجی هێرشەکان، پێشتر لە ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣شدا کراوە بەئامانج.

وێستگەی نەوتی گرزیرۆ

لە ٢٦ی تشرینی یەکەمەدا، کاتژمێر ١٣:٣٠ خولەک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێستگەی گرزیرۆ بە سێ موشەک کردووە بە ئامانج.

وێستگەی سێهەمی سوێدی لە دێرک کە وەک پاڵاوتگەی بەرهەمهێنانی بەنزین و گاز پێویستییەکانی دابین دەکرد. شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەم لە کاتی کارکردنی وێستگەکەدا زۆر بە چڕی بۆردوومانکراوە و بەشێکی زۆری کۆگاکانی وێستگەکە بە تەواوی لە کارکەوتوون.

لە دەرنجامی ئەو هێرشانەدا ٧ کرێکار شەهید بوون و ١٧ی دیکەش برینداربوون. ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی ٧٥ کرێکار لەو وێستگەیە کار دەکەن.

کارگەی ماست و پەنیری زۆزان

بەدەر لە وێسگەکانی بەرهەمێنانی سوتەمەنی و کارەبا، بەشێکی زۆری نانەواخانە و کارگەکانی دروستکردنی خواردەمەنی بوون بە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. کارگەی ماست و پەنیری زۆزان یەکێکە لەو جێگایەنە کە زیانێکی زۆر بەرکەوتووە.