هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تشرین کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دادەنێت

بەنداوی تشرین کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبایە بۆ هەرێمەکە، ماوەی چەند هەفتەیەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە هێرشێکی قورسی لەسەرە و ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبای زۆر دابەزیوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ چەتەکانی لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکە دەست پێکردووە. هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین کە ژێرخانی مەدەنی هەژمار دەکرێت و سەرچاوەی سەرەکی کارەبای هەرێمەکەیە، راستەوخۆ تاوانی شەڕە.

ئەگەرچی ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی هەرێمەکە، بەڵکوو بەساڵانە وێستگەکانی کارەبا، نەخۆشخانە، قوتابخانە، کارگە، کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانی ئاو لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج و بوردومانی دەکات. ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دەکات.

بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە ناوچەی منبجەوە، ١١٥ کیلۆمەتر لە شاری حەڵەبەوە دوورە و ٨٠ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە. بەنداوی تشرین لە ساڵی ١٩٩١ دروستکراوە و دوای ٨ ساڵ واتە لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە و خزمەتگوزاری بە هەرێمەکە دەبەخشێت.

جێی ئاماژەیە بەر لە شەڕی سوریا، بەنداوی تشرین توانای دابینکردنی کارەبای هەموو سوریای هەبوو. بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦ کە منبج لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرا، بەنداوی تشرین گورزێکی قورسی بەرکەوت. لە سەردەمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی منبج دا، چەتەکانی داعش بەدەیان جار هەوڵی ڕووخاندنی بەنداوی تشرینیان داوە.

بەڵام شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدە بۆ ئەوەی زیان بە بەنداوەکە نەگات، زۆر بەوردی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەڕێوە برد. لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بەنداوی تشرین لە لایەن شەڕڤانانی یەپەژە، قەسەدە و یەپەگە ئازاد کرا. لەو کاتە بەدواوە بەنداوی تشرین کە بەساڵانە کارەبا بۆ گەلانی هەرێمەکە دابین دەکات، ئەمجارەیان کەوتووتە بەر هەڕەشەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

بەنداوەکە سەرچاوەی سەرەکی کارەبای هەرێمەکەیە، ئێستا بە هۆی هێرشەکانەوە تەنیا کارەبا لە ڕووباری فوراتەوە بەرهەم دێت. بە واتایەکی تر بەنداوەکە ئاستی بەرهەم هێنانی خزمەتگوزاری زۆر دابەزییەوە.

هەروەها ئەو کارەبایەی ئێستا لە ڕووباری فوراتەوە بەرهەم دێت خزمەتگوزاری دەدات بە ناوچەی سیرین، شاری کۆبانێ و ناوچەی ئەبو قەل قەل لە منبج و ناوچەی جرنێ لە تەبقا.