هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەبنە هۆی بەهێزبوونی شانەکانی داعش

هاوسەرۆکی کەمپی هۆل جیهان حەنان باسی لەوەکرد، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئارامی هەرێمەکە تێکدەدات و وتی، بە تایبەتی ئەو هێرشانە دەبنە مایەی بەهێزبوونی شانەکانی داعش لە کەمپەکە.

لە ئۆپراسیۆنی باهۆزی جزیرەدا کە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئەنجامدرا، بە هەزاران بنەماڵەی داعش لە کەمپی هۆل جێگیر کران. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەهۆی نیشتەجێبوونی داعش لە هۆل، ئەو کەمپە بووەتە شوێنێکی مەترسیدار.

لە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢١ و ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ دوو ئۆپراسیۆن لە کەمپی هۆل ئەنجامدران. لەم دواییانەشدا قەسەدە و یەپەژە لە کەمپی هۆل ئۆپراسیۆنێکیان دەستپێکرد.

هاوسەرۆکی کەمپی هۆل جیهان حەنان لەبارەی هۆکار و چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا داعشەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل زیاتر خۆیان رێکخستووە.

جیهان حەنان ئاماژەی بەوەکرد، کە هەڵمەتی ئەمنی و مرۆیی لە کەمپی هۆل وەک قۆناغی سێهەمی ئۆپراسیۆنەکان دەستیپێکردووە و وتی، "ئەو هەڵمەتە بە پێشەنگایەتی یەپەژە و هاوکاری قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی هاوپەیمانانیش وەک هەموو هەڵمەتەکانی دژی داعش لەم هەڵمەتەشدا لەگەڵماندان.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئابی ٢٠٢٢دا قۆناغی دووەم بەڕێوەچووبوو، کە ئەو کاتە کوشتن لە کەمپەکە زیادی کردبوو، بۆیە دوای هەڵمەتەکە بۆ ماوەی شەش مانگ دۆخی کەمپەکە باش ببوو، بەڵام دیسان شانەکانی داعش خۆیان رێکخستەوە، رووداوەکانی، دزی، رفاندن، ئەشکەنجە و کوشتن لە کەمپەکەدا زیادیان کرد و ئیتر لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا دۆخی کەمپەکە باش نەبووە. ئاسایش چەند جارێک دەستی بەسەر بڕێک چەک و کەلوپەلی رێگەپێندەراو گرتووە و هەر ماوەکانی رابردوودا رووداوی کوژرانی ئەبوعوبەیدە ئەمیری داعش لە کەمپەکە روویدا و هەموو ئەمانە وایکرد، کە قۆناغی سێهەمی ئۆپراسیۆنە دەستپێبکرێت، ئەمە جیا لەوەی کە زانیارییان پێگەیشتووە لە ناو کەمپەکەدا بە چەکەوە دەسوڕێنەوە و سەرقاڵی هەندێک جموجۆڵن.

هاوسەرۆکی کەمپی هۆل جیهان حەنان باسی لەوەکرد، کە بە پشتگیری دەرەوەی کەمپەکە، سەرلەنوێ شانەکانی داعش لەماوەیەکی کورتدا خۆیان رێکخستووە، بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان و هاتووچۆی ژمارەیەکی زۆر بۆ کەمپەکە و ئەوەی لانیکەم رۆژانە ٥٠-١٠٠ ئۆتۆمبێل دەچنە ناو کەمپەکە و دێنە دەرەوە و هەروەها بوونی ژمارەیەک رێکخراوی هاریکاری مرۆیی و کرێکار لە ناو کەمپەکەدا وایکردووە کە چاودێریکردنی تەواوەتی کەمپەکە دژواربێت، لە بەر ئەوە ناوەناوە پێویستە هەڵمەتی ئەمنی ئەنجام بدرێت.

جیهان حەنان لە کۆتایی قسەکانی ئەوەی خستەڕوو، کە "دوابەدوای هێرشەکانی دەووڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا شانەکانی داعش زیاتر لە کەمپەکە خۆیان رێکخستووە و وتی، "بە تایبەتی دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک لە کەمپەکەدا جموجۆڵ زیادی کردووە. هەموو رۆژێک خەریکی ئاژاوە نانەوەن. کۆدەبوونەوە و پەلاماری هێزە ئەمنیەکانیان دەدا. کەس نەیدەتوانی بچێتە ناو کەمپەکەوە. جام و لایتی ئۆتۆمبێلەکان دەشکێندران، کرێکارەکان بریندار دەکران و زۆر جاریش لە شۆفێرەکانیان دەدا. تەنانەت پەلاماری ئۆتۆمبێلەکانی مانگی سوریشیان دەدا کە بۆ گواستنەوەی ئەوان بۆ نەخۆشخانە دەچوونە کەمپەکەوە".

هاوسەرۆکی کەمپی هۆل جیهان حەنان جەختیشی کردەوە، "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیانی زۆر بە کەمپەکە دەگەیەنێت، لەگەڵ هەموو هێرشەکانیدا شانەکانی داعش زیاتر خۆیان رێکدەخەن، لەبەر ئەوەی بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە خەڵک ناتوانن بە ئاسانی جموجۆڵیان هەبێت، بە تایبەتی ئەو کەسانەی لە کەمپەکە کاردەکەن و دانیشتووی ناوچەکانی وەک حەسەکە، قامیشلۆ و شارەکانی دیکەن، ناتوانن بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاتووچۆ بکەن. دابینکردنی پێداویستیەکان دژوار دەبێت. هەربۆیە ئەم جارەیان دابیننەکردنی پێداویستیەکان دەکەنە بیانوو. لە راستیدا هەرجارێک کە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکە، هێزی زیاتر بە شانەکانی داعش دەبەخشرێت".

هـ . ب