لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە هەوڵێ قۆستنەوەی ئەو پێشهاتەدان و وێڕای بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان، لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە هەوڵدەدەن بە نانەوەی دووبەرەکی کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی گەلی کورد و عەرەب درووستبکەن.
بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی سەرۆک هۆز و ڕیشسپیانی هۆزە عەرەبییەکان لە دژی ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەستاونەتەوە و جەخت لەسەر پەیامی پێکەوەژیانی گەلان دەکەنەوە.
هەندێک لە ڕیشسپیانی هۆزە عەرەبییەکان لە کانتۆنی جزیرە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئانها قسەیان کردووە و پەیامی پشتگیردانیان بۆ دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و پێکەوەژیانی هاوبەش دووپاتکردووەتەوە.
'کەسانی ئاژاوەگێڕ لە کۆمەڵگەماندا جێگەیان نابێتەوە'
عەدنان ئەل جەعدان لە هۆزی بەجاران: نەفرەتی خوادا لەوەی خەریکی نانەوەی فیتنەیە. وەک پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەندییەکی مێژوویمان هەیە و ڕێگە بە تێکدانی ئەم پەیوەندییە مێژوویە نادەین لە هەرێمەکەماندا. دەبێت پێکەوە لە دژی ئەو هەوڵانە بوەستینەوە و لە پێناو خەڵک و خاکەکەماندا قوربانی بدەین. ئەوانەی ئەم هەوڵە دەدەن لە کۆمەڵگەماندا قبوڵ ناکرێن."
'پێکەوە ژیانمان شکستی بە ئاژاوەگێڕان هێناوە'
ئەحمەد ئەل زەهراوی لە هۆزی بەجاران: "هەموو کەسێک پەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و عەرەب دەزانێت و نیشانی پێکەوەژیانمانە. چەندین هەوڵدرا بۆ تێکدانی ئەم پەیوەندییە، بەڵام لە بەرانبەر ئەم پەیوەندییە مێژووییەماندا شکستییان خوارد. کورد و عەرەب ناتوانن بەبێ یەکتر بژین. پێکەوەژیانی هاوبەشمان مانایی داوە بە ژیانمان."
'یەکگرتووییمان بنەمایی پاراستنی هەرێمەکەیە'
محەمەد ئەحمەد ئەل عەلی لە هۆزی ئەل سادا توفەحیان: "لە سایەی کەسانی ژیان دۆستەوە هەوڵەکانی نانەوەی فیتنە و ئاژاوەگێڕیمان بەتاڵکردووەتەوە. هەڵگری ناسنامەی سوریین و پێکەوەژیانی کورد و عەرەب پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. بە هەموو هێزێکمانەوە ئەو پەیوەندییە دەپارێزین. لەمڕۆدا ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێکە لە دژی هەوڵی فیتنە و ئاژاوە بوەستێتەوە. یەکگرتوویی نێوان پێکهاتەکان تاکە ڕێگەی پاراستنی هەرێمەکەمانە."