هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر خەڵکی سڤیل شەرمەزار کرد

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دێرک، هاوڵاتییەک شەهید و هاوڵاتیەکی تر بریندار بووە، هەروەها لە بۆردوومانەکەی کۆبانێدا ئەندامێکیان بریندار بووە.

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەربارەی بۆردوومانەکانی دێرک و کۆبانێ لەڕێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هاتووە: "بەیانی ئەمڕۆ (٨ ی کانوونی دووەم، ڕۆژی چوارشەممە) فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە گوندی گەرکێ خەجۆی شاری دێرک، ئۆتۆمبیلێکی سڤیلی بۆردوومان کرد.

دوو جار بۆردوومان ڕوویداوە، بەهۆیەوە هاوڵاتییەک شەهیدبووە و هاوڵاتییەکی تر بە سەختی بریندار بوو. بریندارەکە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و ڕەوشی خراپە.

لە هێرشێکی تردا، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورک لە ناوەندی ئاسایشی گرک لە گوندەواری کۆبانێ، ئۆتۆمبیلێکی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا، ئەندامێکمان بەپلەی ئەفسەر بریندار بوو. هەڤاڵە بریندارەکەمان گەیاندرایە نەخۆشخانەی کۆبانێ و ڕەوشی تەندرووستی باشە.

وەک فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی هەرێمەکە شەرمەزار دەکەین کە پێشێلکردنی هەموو یاسا و پێوەرە نێونەتەوەییەکانە. پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی گەلەکەمان و ڕووبەڕوونەوەی کێشەکان دووپات دەکەینەوە".