هێزەکانی ڕزگاری عەفرین: ٨ چەتە کوژران و ١٩ی تریش برینداربوون
هێزەکانی ڕزگاری عەفرین ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی چالاکیی شەڕڤانانی دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هەشت چەتە کوژراون و ١٩ی دیکەش برینداربوون.
هێزەکانی ڕزگاری عەفرین ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی چالاکیی شەڕڤانانی دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هەشت چەتە کوژراون و ١٩ی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ هێزەکانی ڕزگاری عەفرین(هەرەعە) لەسەر چالاکیی شەڕڤانانی دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، هەروەها ناسنامەی شەڕڤانێکی شەهیدیشی ئاشکراکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ٨ی ئەم مانگە لە گوندی حەڵوبیەی ناوچەی شەرا، لەدژی چەتە داگیرکەرەکان چالاکی ئەنجامدرا، لەم چالاکییەدا سێ چەتە کوژران و دووی دیکەش برینداربوون.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە شاری عەفرین دژی خاڵیکی چەتەکان چالاکی ئەنجامدرا، کە لە ئەنجامیدا دوو چەتە کوژران و ١٣ی دیکەش برینداربوون.
لە بەردەوامیدا ئاماژە بەوە دراوە : ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لەسەر ڕێگای ترند لە شاری عەفرین چالاکییەک ئەنجامدرا و لە ئەنجامیدا دوو چەتە کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون، ئۆتۆمبێلیکی چەتەکانیش تێکشکێندرا.
باس لەوەش کراوە: ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، لە شاری باب، دژی ئۆتۆمبێلیکی سەربازیی چەتە داگیرکەرەکان چالاکی ئەنجامدرا و لە ئەنجامیدا ئۆتۆمبێلەکە تێکشکێندرا و چەتەیەک کوژرا.
لە بەشێکی دیکەش هاتووە: ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە پێدەشتەکانی ناوچەی شەرا، لەنێوان یەکینەیەکمان و سوپای داگیرکەری تورکدا شەڕ هاتە ئاراوە، ژمارەی کوژراو وبریندارەکانی دوژمن لەم شەڕەدا ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام شەڕڤانێکمان بەناوی “ئالان بێنێ” تا دوا فیشەک بە قارەمانێتی شەڕی کرد و پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانەوە.
ناسنامەی ئەو شەڕڤانە شەهیدەش بەمشێوەیەیە:
ناسنامەی شەهید
ناسناو: ئالان بێنێ
ناو و پاشناو: باسل حەسەن
ناوی دایک و باوک: نادیا- نیدال
شوێنی لەدایکبوون: شێراوا- عەفرین
شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٦ی نیسانی ٢٠٢١- شەرا
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە کەسایەتی هەڤاڵ ئالان-دا، هەموو شەهیدانی قارەمانمان بەبیردێنینەوە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید ئالان و گەلەکەمان دەکەین.
ک-ش