کۆچبەرانی عەفرین نامەیەکییان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

کۆچبەرە عەفرینییەکان بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی نامەیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.

کۆچبەرانی عەفرین کە شارەکەیان داگیرکراوە و بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە دووجار ئاوارەبوون و ڕوویان لە قامیشلۆ کردووە، بە ئامانجی ئەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەنگییان ببیستێت ڕێپێوانێکییان ئەنجامدا. جەماوەری گەل لە پێش یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئازار لە یەکترکۆبوونەوە و بەرەو کۆمسیۆنی باڵای کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێکەوتن. لە ڕێپێوانەکەدا پانکارت بە نووسینی "خواستمان گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆدارانەیە بۆ عەفرین" و وێنەی ئەو هاوڵاتیانەیی لە هێرشەکاندا شەهید بوون بەرزکرانەوە.

نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان

عەفرینییەکان کە تا پێش باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد، نامەیەکی پڕ لە زانیارییان دەربارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر عەفرین و شەهبا خوێندەوە.

نامەکە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا بەناوی عەفرینییەکانەوە کۆمیتەیەک دامەزرێندرا و دەستنیشانکرا کە کۆمیتەکە بۆ 'گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆدارانە' بانگەوازی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە.

هەر لە نامەکەدا دەستنیشانکراوە دەوڵەتی تورک بە داگیرکردنی عەفرین هەوڵی داوە دیمۆگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت و ئەمەش لە پێش چارەسەری هەمیشەیی بۆ سووریا ئاستەنگییەکی مەترسیدارە.

جەماوەرەکە بانگەوازییان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی کۆچبەران هەنگاوی پێویست بنێنن.