پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەگشتی هەتەشە لە شاری حەڵەب و دەوروبەری بەرەو دیمەشق پێشڕەوییان کرد. هەروەها چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی گەورەیان کردە سەر گەلی شەهبا و تل ڕفعەت. لە ئەنجامدا بەسەدان هەزار کەس لە گەلی عەفرین کە لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ لە شەهبا نیشتەجێ بوون، جارێکی دیکە ناچار بوون ئاوارە بن و ڕووبکەنە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. جێی ئاماژەیە لە کاتی کۆچکردنیاندا کۆچبەرێکی زۆر لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی، ئەشکەنجە و ڕفاندن و کوشتن بوونەوە. کۆچبەرانی هەرێمی شەهبا-عەفرین سەبارەت بە کردەوەی چەتەکانی داگیرکەری تورک و بەرخۆدانی گەلی عەفرین لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
سەرەڕای بارودۆخی سەخت ئیرادەمان بەهێزە
ئەلیف عومەر سەیدۆ، کۆچبەرێکی شاری حەڵەبە، باسی لەوە کرد کە لە یەک شەو و کاتژمێرێکدا ژیانیان گۆڕا و وتی: "چەتەکان وەک گورگی برسی هێرشیان کردە سەرمان، چەتەکان بە زۆر لە ماڵ و خاکی خۆمان دەربەدەریان کردین، دوای هێرشەکە چووینە گوندێکی عەفرین و چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ بوون. عومەر سەیدۆ وتی: "دواتر چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، جارێکی دیکە بە ئەشکەنجە و زۆر لە ماڵ و حاڵی خۆمان دەربەدەر کراین. ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرەنگاری تۆپ و فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووینەوە و دواتر ناچار بووین بە هۆی دڕندەیی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە کۆچبەر بین بەرەوە شەهبا. ئێمە هێشتا بە هیوای گەڕانەوەین بە عەفرین.
عومەر سەیدۆ باسی لە ئازارەکانی ژیانی شەهبا کرد و وتی: "ئێمە ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی زۆر بووینەوە، بەڵام بەرخۆدانمان بەردەوام کرد و بەردەوام هەوڵمانداوە بەهێز بین و بگەڕێینەوە بۆ عەفرین. ئێمەی کورد کەس پشتیوانمان نییە. ئێمە تەنها داوای ئازادی و مافی خۆمان دەکەین بەڵام بەرامبەر ئەم داوایە دەکوژرێین. هەروەها هیچ ڕێکخستنێکی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە دەنگی بەرز ناکاتەوە. ئێمە لەگەڵ هەموو گەلان پێکەوە ژیانمان پێک هێنا. پێویستە دەنگمان ببیسترێت.
"بە ڕۆحی سەرکەوتنەوە دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین"
هەروەها حەنان مووسا خەڵکی گوندی شێرەیە لە شاری عەفرین، وتی: "هەر ڕۆژ چەتەکان هێرشیان دەکردە سەرمان. زەوی و زاری ئێمەیان داگیرکرد و ماڵی ئێمەیان بەتاڵان برد و سووتاندیان. هەروەها زەیتونەکانمان کە میراتی پێشوونیانی ئێمەن، بە شێوەیەکی دڕندانە بڕدران و بەتاڵان بران. لە بەرامبەر دڕندەیی چەتەکان چووینە شەهبا. لەوێیش لەژێر زۆر و زەحمەتیەکی زۆردابووین، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە بەسەر ئەو دۆخەگشتیانەدا سەرکەوتووین و بەهیوای گەڕانەوەین بۆ خاکەکەمان."
حەنان مووسا ئاماژەی بەوکاتە کە دیسان ناچار کران لە شەهباوە کۆچبەر بن و وتی: "لە ڕێگادا چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەقەیان لێکردین و بۆ ڕزگارکردنی خۆمان هەڵهاتین. ئێستا هیچ زانیارییەک لە خوشک و براکانم نییە و نازانم لە ژیاندان یان مردوون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی، چەتەکان دڕندەیی زۆریان لەگەڵمان کرد، موڵک و ماڵی ئێمەیان بەتاڵان برد و ئەندامانی بنەماڵەکەمان کوژران و بێسەروشوێن بوون. دەبێت دوژمن ئەمە بزانێت، ئێمە کوردین، ژیانمان بە کوردایەتیەوە دەستی پێکردووە و بە کوردایەتیمان سەردەکەوین. بەرخۆدانمان لە هەموو شوێنێک بێ وێنەیە و بەردەوام لە پشت هێزەکانمان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریمانەوە دەبین. بەم ڕۆحیەتەوە دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین."
"ئێمە عەفرینی خۆمان دەوێت"
هەروەها ڕۆناهی محەمەد خەڵکی عەفرینە و دەڵێت گەلی عەفرین لە دژی هێرشەکانی دوژمن بەرخۆدانێکی بێ وێنەی کردووە و لە ئەنجامدا بەسەدان ژن، منداڵ، پیر گیانیان لەدەستداوە. ڕۆناهی وتی: "سەرەڕای بارودۆخی سەختی شەهبا، جارێکی تر ژیانێکمان لەوێ بنیاتنا و لەوێ جێگیر بووین، بەڵام جارێکی تر لە شەهبا ناچار کراین و دەربەدەر بووین. ئێمە هیچمان ناوێت تەنها ئاشتیمان دەوێت. بەسە بەسە! با ئەم هێرشانە کۆتایی پێبێت. ئێمە قەد هێرشمان نەکردۆتە سەر کەس، بەڵام بەردەوام هێرشیان کردووتە سەرمان، با هەمووان بزانن کە ئێمە کوردین و پێویستە ئەم ڕاستییە بزانن. ئەگەر دوژمن بە هۆی کوردبوونمان هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە. ئێمە ژیانمان بەو هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین و بەرخۆدان بنیات ناوە. لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە عەفرینی خۆمانمان دەوێت."