ئەمڕۆ شاندێکی فەرمی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی کۆمیساریای ڕوسیا بۆ مافەکانی منداڵان، سەردانی شاری قامیشلۆیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری لە بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی منداڵە داعشەکان کۆبوونەوە.
عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەسەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی، هەردوو جێگرەکەی فەنەر ئەلگێت و عبیر عەلیا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو بەشە، سێنا دەحام، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
هەروەها، ئەڤین قافۆ و بەلقیس حەمندی، جێگری سەرۆکایەتی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە ئامادە بوون.
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی هاوارنیوز، ڕادەستکردنی منداڵەکان دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا، دواتر بە بەشداری دەیان ناوەندی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە کە ڕادەستکردنی منداڵەکان بەهۆی بارودۆخی مرۆییەوە ئەنجامدراوە.
ف.ق