شاندێكی دەوڵەتی تاجیكستان بە نوێنەرایەتی زەبیدوڵڵا زابیدۆڤ باڵیۆزی ئەو وڵاتە، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای كرد، شاندەکە لە لایەن فەنار کەعیت جێگری سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی و خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بەشەکە پێشوازییان لێکرا .
دوای گفتوگۆکان بەڵگەنامەی فەرمی بۆ ڕادەستکردنەوەی ٤٢ ژن و ١٠٤ منداڵی چەتەکانی داعش، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تاجیکن و نیشتەجێن لە کەمپەکانی ڕۆژ و هۆڵ، لە نێوان هەردوولا واژۆ کرا.
دوای واژۆكردنی بەڵگەنامەكە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرا، لە سەرەتاوە جێگری سەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، سوپاسی هەوڵەکانی تاجیکستانی کرد بۆ پەیوەندیکردن بە ئیدارەی خۆبەڕێوبەرییەوە و لێکتێگەیشتن لەسەر ڕادەستکردنی ژن و منداڵی داعش.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، فەنار کەعیت لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە میانی کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا بە گشتی و مەترسییەکانی بەردەم باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوتوێ کراون.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی تاجیکستان دووپاتیکردەوە؛ بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵانی داعش کە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیانن و لە کۆتاییشدا باڵیۆزی تاجیکستان سوپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە دۆسیەی گەڕاندنەوەی بنەماڵەی چەتەکانی داعش، وتیشی: لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕێوشوێنەکان بۆ گەڕاندنەوە و جێبەجێکردنی ئەم بەڵگەنامەیە دەگرینەبەر.
ف.ق