خەڵکی عامودە و شەهبا هێرشەکەی سەر شەنگالیان شەرمەزار کرد

خەڵکی عامودە و شەهبا هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەریان لە دژی شەنگال شەرمەزار کرد.

لە ناوچەی عامودای کانتۆنی قامیشلۆ، ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە هاوکاری ماڵی ئێزدی لە هەرێمی جزیر ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان دژی شەنگال شەرمەزارکرد. لە هێرشەکەدا یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) سەعید حەسەن و شەڕڤانی یەبەشە عیسا خوەدێدا شەهید بوون.

ڕێپێوانەکە لە چواڕیانی ژنانەوە دەستیپێکرد و لە چواڕیانی شەنگال لە باشوری ناحیەکە کۆتاییهات و بۆ میتینگ گۆڕا.

لە گردبونەوەکەدا بە ناوی ماڵی ئێزدی لە هەرێمی جزیر ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ماڵی ئێزدیان داوای لە ڕای گشتی جیهان، ڕێکخراوەکان، حزبەکان، دەوڵەتان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە هەست بە ئازاری کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن، کە لە کاتی فەرمانی یەکەمەوە و تا ئەمڕۆ بە  ئێش و ئازارەوە دەناڵێنێت.

ماڵی ئێزدیان ڕایگەیاند، کە داگیرکەران بە ئامانجی تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی دیکە دەیانەوێت گەلانی ڕەسەنی ناوچەکە کۆچ پێبکەن و چیاکانی ستراتیژی شەنگال کۆنترۆڵ بکەن و لە چوارچێوەی پلانی میساقی میللی پیلانگێڕیی خۆیان بۆ لەناوبردنی کورد و عەرەب و سریان جێبەجێ بکەن.

شەهبا

هەروەها دەیان ئەندامی یەکێتی ئێزدیانی کانتۆنی عەفرین لە بەردەم ناوەندی یەکێتیەکە لە ناوچەی ئەهداسی کانتۆنی شەهبا کۆبوونەوە و وێنەی شەهید سەعید حەسەن، مام زەکی شەنگالی، شەهید بێریڤان و ئاڵای یەکێتی ئێزدیانی کانتۆنی عەفرینیان بەرزکردەوە و قسەیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ئەمە کارێکی ترسنۆکانەی دەوڵەتی تورکە، دەوڵەتی تورک هەموو شوێنە پیرۆزەکان پێشێل دەکات بۆ  گەیشتن بە ئامانجەکانی و داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە.

هێرشکردنە سەر شەنگال پێشێلکردنی سەروەری و شکۆی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێشێلکردنی پێوەر و بڕیاری نێودەوڵەتییە. بەردەوامبوونی بێدەنگی لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە سەبارەت بەکوشتنی تێکۆشەران لەسەر خاکی خۆی جێی قبوڵ نییە. دەبینین ئەمە ناچارکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگالە بۆ پەسەندکردنی ڕێکەوتنی دەوڵەتی تورکە کە بەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی باشوری کوردستاندا سەپاندویەتی.

داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە دڕندەیی دەوڵەتی تورک سنوردار بکەن و ناچاری بکەن بارەگاکانی لەسەر خاکی باشوری کوردستان دابخات و بەرەو خاکی خۆی بڕوات. هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لە جیاتی هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورک، کە پلانی دابەشکردنی خاکی کوردستانی هەیە، هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال بکات"

یەکێتی ژنانی ئێزدی ڕۆژئاواش راگەیەنراوێکی خوێندەوە و وتی، کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیای فاشیست  کە ڕێگە بە دانیشتوانی شەنگال نادات بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دەیەوێت سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەکە تێکبشکێنێت.

یەکێتی ژنانی ئێزدی لە راگەیەندراوەکەیدا هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری دژی کۆمەڵگەی ئێزدی شەرمەزار کرد و داوای لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یاسایی، مرۆیی و بەتایبەتی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی ئازادی ئایینی کرد، کە سنورێک بۆ ئەردۆغان دابنێن.

ف.ق