خەڵکی کانتۆنی فورات بە دروشمی 'هەموومان قەسەدەین' رێپێوانیان کرد

دانیشتووانی کانتۆنی فورات بە شێوەیەکی جەماوەری لە کۆبانێ رێپێوانیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ قەسەدە دوپاتکردەوە. لە رێپێوانەکەدا ئەوە خرایەڕوو کە هەموو کات دەبنە بازنەیەک بە دەوری قەسەدەوە.

بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات بەمەبەستی پشتیوانی لە قەسەدە رژانە شەقامەکان و رێپێوانیان کرد.

جەماوەرەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستیان بە رێپێوان کرد. لە رێپێوانەکەدا ئاڵاکانی قەسەدە و وێنەی شەهیدانی ئازادی و پانکارتێک کە لە سەری نوسرابوو "هەموومان قەسەدەین"، "قەسەدە شکۆی ئێمەیە" بەرزکرابووەوە و بێ وچان دروشمی "بژی بەرخودانی قەسەدە" دەوترایەوە.

جەماوەرەکە بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگید رێپێوانیان کرد، لەوێ بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدان یەک خولەک بە بێدەنگی وەستان، دواتر لە بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی سەربازی کۆبانێ ئیسماعیل ئیسماعیل قسەی کرد و سڵاوی ئاراستەی بەرخودانی شەڕڤانان لە سەنگەرەکاندا کرد.

ئیسماعیل وتی، "شەڕڤانەکان لە سەنگەرەکانی شەڕدا چ لە قۆڵی بەنداوی تشرین، ج لە پردی قەرەقۆزاق، گوندەکانی دەوروبەری منبج و هەروەها لە قۆڵی گرێ سپی لە شەڕێکی دژواردان. لەو شەڕەدا شەڕڤانانمان بەرخودانێکی مێژوویی دەکەن".

ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، کە دەووڵەتی تورک و چەتەکانی بەردەوام پلانە چەپەڵەکانیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام هەموو کات شەڕڤانانی قەسەدە ئەو پلانانە تێکدەدەن و وتی، "ئامانجی دەوڵەتی تورک لەوە بریتیە لەوەی هەموو کات دەیەوێت کۆبانێ گەمارۆ بدات. بەڵام هەرگیز ئەم خەونەیان نایاتەدی، با هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە، لەبەر ئەوەی شەڕڤانانمان بە بەرخودانیان رێگە نادەن خاکەکەی بکەوێتە ژێر پێی ئەوان. شەڕڤانانی قەسەدە هەموو کات هێرشە داگیرکەرییەکان تێکدەشکێنن، هەموو کات داگیرکەران تێکدەشکێنن. ئێمەش هەموو کات بەدەوری قەسەدەوە دەبینە بازنە و قەڵغان".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات پەیمان عەلۆش باسی لەوەکرد کە شەڕڤانانی قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە هەموو کات لە بەرامبەر داگیرکەری تێکۆشاون، خۆڕاگری دەکەن و وتی، "شەڕڤانانمان هەموو کات هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تێکدەشکێنن و لە بەرامبەر ئەواندا بەرخودانێکی مێژوویی بە پیتی زێرین دەنوسنەوە. گەلە شکۆمەندەکەمان کۆبوونەوەمان لێرە بۆ پشتیوانییە لە هێزەکانی یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە، بەرخودانی مێژوویی ئەوان دەکەین. هەموومان قەسەدەین، ئێمە هەموو کات لە پشت هێزەکانمانەوەین و دەیانپارێزین".

رێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخودانی قەسەدە" کۆتاییهات.