ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک بە بۆردوومانی ژێرخانی مەدەنی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای دەلات ئەو دەمەی جیهان مەشغوڵی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، ئاڵۆزییەکی تر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گڕدەسێنێت.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: "بۆردوومانی ژێرخانی مەدەنی و ستراتیژی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، سەرچاوەکانی ژیانی هەرێمەکەی خستۆتە مەترسییەوە. لە ئەنجامدا، کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر ڕاوەستاون".

ڕێکخراوەکە ڕایدەگەیەنێت، کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ملیۆنان کەس بێ کارەبا بوون.  هەروەها لە کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمدا هێرشەکان زیاتر بوون و ناوەندە تەندروستیەکان و ڕێگە ستراتیژییەکان کە کارمەندانی فریاگوزاری بەکاری دەهێنن، بۆردوومان کراون.

ڕێکخراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، هێرشەکان زیانی بە خەڵکی مەدەنی و ناوەندە مەدەنییەکان گەیاندووە، ئەمەش بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەیە. هەروەها ڕێکخراوەکە، هێرشە سیستەماتیکەکانی بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان وەک تاوانی جەنگ وەسفکرد.