کۆنگرەی ستار یادی شەهیدانی پاریسی بەرز راگرت
کۆنگرەی ستار یادی شەهیدانی دووەم کۆمەڵکوژی پاریسی کردەوە و ڕایگەیاند، "هێرش و کۆمەڵکوژییەکە لە لایەن دەوڵەتی تورک و بە پاڵپشتی ناتۆ ئەنجامدرا".
کۆنگرەی ستار یادی شەهیدانی دووەم کۆمەڵکوژی پاریسی کردەوە و ڕایگەیاند، "هێرش و کۆمەڵکوژییەکە لە لایەن دەوڵەتی تورک و بە پاڵپشتی ناتۆ ئەنجامدرا".
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار، لە یەکەمین ساڵیادی دووەم کۆمەڵکوژی پاریس، کە ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا لە شاری پاریس و بە هۆیەوە هەر یەک لە پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادیی ژنان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا)، هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزڵ شەهید بوون، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو سێ شەهیدە، ئاماژەی بەوەکردووە، "هەرسێکیان لە پێناو دۆزی کورد، ئاشتی و دیموکراسی تێکۆشان". هاوکات بەرخۆدان و تێکۆشانی شەهید ئەڤین گۆیی لە پێناو دۆزی ژنان بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تاکوو ئێستا دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا تاوانبارانی یەکەم کۆمەڵکوژیی پاریس کە رۆژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣، دژی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، سەکینە جانسز(سارا) و فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەنجامدرا، هەروەها دووەم کۆمەڵکوژیی پاریسیان ئاشکرا نەکردووە.
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار هێمای بۆ ئەوەش کردووە، "ئیتر ئاشکرا بووە کە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانە لەلایەن دەوڵەتی تورک و بە پاڵپشتی ناتۆ ئەنجامدراون، ڕاستی ئەو تاوانانە دەشارێتەوە، ئەو تاوانانە، تاوانی جینۆساید دژی ژنان و ئیرادەی ئازادیانە".
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار لە ڕاگەیەندراوەکەدا لە کەسایەتی شەهید ئەڤین گۆیی و هەڤاڵانی یادی سەرجەم شەهیدانی ئازادی بەرز راگرتووە و بەڵێنی داوە بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی شوێنپێی ئەوان بگرێتەبەر.
لە کۆتایشدا ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار داوای لە دەوڵەتی فەڕەنسا کردووە، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، ڕاستی ئەو تاوانانەی لە خاکەکەی ئەنجامدراوە ئاشکرا بکات، لێپرسینەوە لە تاوانباران بکات. هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان، رێکخراوەکانی بواری یاسا و ئەو کەسایەتیانە کرد، کە لە پيناو بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی تێدەکۆشن، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن، کە لەو دەوڵەتانەی بانگەشەی دیموکراسی، ئاشتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ڕوودەدەن.
هـ . ب