کۆنگرەی ستار یادی زیلانی بەرزڕاگرت

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار یادی گەریلای پەکەکە زەینەب کناجی (زیلان)ی لە ٢٨ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەیدا، بەرزڕاگرت.

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار بە بۆنەی ساڵیادی ٢٨ەمینی چالاکی گیانبازی شەهید زیلان (زەینەب کناجی) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەڵێنی ئێمە ئەوەیە کە بە فەلسەفەی ژیانێک کە شەهید زیلان بۆ ئێمەی دیاریکردووە شۆڕشەکەمان بکەینە ماڵی هەموو ژنان و بزوتنەوە دیموکراسیخواز و یەکسانی خوازەکان".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

" لە ٢٨ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەنگی هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و ژیانی ئازاد، ئێمە سەرجەم ژنانی گیانباز و تێکۆشانی راپەڕین، سەرهەڵدان و شۆڕشی کوردستان بە رێزەوە بەبیر دەهێنینەوە. لە کەسایەتی و یادی شەهید زیلاندا بەژنی خۆمان بەرامبەر یادی ئەوان بە شانازاییەوە دادەنەوێنین. وەک ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار هەموو سات و کاتێکی بەرخودانمان لە سەر بیردۆزی و هێڵی شەهید زیلان هەنگاومان ناوە و لە پێناو سەندنەوەی تۆڵەی هەڤاڵانمان رۆژ لە دوای رۆژ سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەڵێنی ئێمە ئەوەیە کە بە فەلسەفەی ژیانێک کە شەهید زیلان بۆ ئێمەی دیاریکردووە شۆڕشەکەمان بکەینە ماڵی سەرجەم بزوتنەوە دیموکراتیک و یەکسانیخوازەکان.

مانگی حوزەیران لە مێژووی تکۆشانماندا مانگێکە کە پێگەیەکی پیرۆزی هەیە، لەبەر ئەوەی مانگی شەهیدانی گیانبازمانە. هەربۆیە لە پێناو خاوەنداری لە یادی و ئاواتەکانی شەهیدان ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەو سیستمانەی کە هەموو ساتێک دوژمنایەتی ژنانی زانا و ئازاد دەکەن، تێکۆشان بگەیەنینە بەرزترین لوتکە.

شەهید زیلان بەر لە ٢٨ ساڵ بە ئامانجی پاراستن و پێشخستنی رێبازی تێکۆشان لە بەرامبەر تەواوی ئەقڵیەتەکان کە دەیانویست بە پلانی چەپەڵ هەبوونی رێبەرایەتی گەلی کورد لە رووی جەستەییەوە پاکتاو بکەن چالاکی گیانبازی کرد، بووە هێما و جەنگاوەری بزوتنەوە و ژیانی واتادار.

بۆ ئێمەی ژنان وەک پێشەنگانی بیردۆزی رزگاری ژنان کە شەهید زیلان بە چالاکی خۆی بناخە و بنەماکانی دیاریکرد، ئەرکی سەرەکیمانە، کە دەبێت پێرسپێکتیڤەکانی ژیانی شکۆمەندانە و ئازاد لە هەموو کات زیاتر جێبەجێ بکەین.لەبەر ئەوەی لەناو ژیانێکدا کە بە هۆشمەندی پیاوسالاری بەڕێوەدەچێت ژیان بۆ ژنان تەسک و بچووککراوە، لەسەر ئێمە ئەرکە کە هەموو ساتێک بە پێداگریی و مەعنەویەتێکی زۆر گەورەوە لەسەر هێڵی زیلانەکان خۆڕاگری بکەین و هەموو رۆژێک بە چالاکی گیانبازی رۆحی تێکۆشان گەشتر بکەین. هەربۆیە بە درێژایی مێژووی ژنان هەموو کات میراتی بەرخودان بۆ خاوەنداری لە ئەندێشە، هێڵ و داواکاری ژنانی شەڕکەر و خۆڕاگر پەیجوری ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانیان بە روناکی ئەوان درێژەپێداوە.

کاتێک رێبەرایەتی و پارەکەمان لەلایەن دوژمەنەوە رووبەڕووی هێرشی قڕکردن و لەناوبردن بوونەوە، چالاکی هەڤاڵ زیلان وەڵامی ئەوەبوو کە ئێمە هەموو کات دەبین و کەس ناتوانێت ئیرادەی گەل و هەبوونی لەناو ببات. هەربۆیە ئەمرۆ لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیدا، هەروەها لە مێژووی ژنی ئازاددا، شەهید زیلان مانیفیستۆی جێبەجێکردنی پێوانەکانی وڵاتپارێزی راست و خاوەندارییە لە ژیانی شکۆمەندانە و ئازاد، هێڵی زیلانەکان وەک ژن لەسەر رێبازی حەقیقەت هێڵی خودبوونە.

بۆیەش تا خۆمان بگەیەنینە بنجینەی جەوهەری شۆڕشگێڕی واتادار پێویستە کە هەموو ساتێک بە ئەندێشە و رامانی شەهید زیلانەوە بژین و لێی تێبگەین. لەم ساتەدا کە ئێمە لە ناو شۆڕشی رۆژئاوادا دەژین چەندە دەستکەوتمان هەبێت ئەوەندەش ئیرادە و ویستی ژنانی پێشەنگ لەلایەن دەسەڵاتەوە بە ئامانجی ئەوەی ژنان نەبنە پێشەنگی گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەکرێنە ئامانج. بۆ ئەوەی ئێمە ببینە شایەنی بیردۆزی ئازادی ژن، بە شێواز و رێبازی زیلانەکان دەبێت خۆڕاگری بکەین، رێکخستنمان بەرفراوان بکەین و ئامێز بۆ سەرجەم ژنان بکەینەوە، بۆ ئەوەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی ژنان دابمەزرێنین و لە رێگەی یادی شەهید زیلانەوە پەیامی خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێن و هەموو کەسێک.

بۆ ئەوەی ئێمە هێرش و کردەوە داگیرکەرییەکان کە لە کەسایەتی حکومەتی ئاکەپەدا لەسەر کوردستان پیادە دەکرێن و گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەرایەتیمان پوچەڵ بکەینەوە و کۆتایی پێبهێنین، ئێمە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە ببنە قوتابی فەلسەفەی زیلان، ئێمە بە گوێرە پێرسپێکتیڤی ئەو کە لە ئێمەی دەوێت تێکۆشان و هێزی خۆمان یەکبخەین. ئێمە رۆڵی ژنان کە چەندین ساڵە لەلایەن ئەقڵیەتی باوکسالارەوە تێکشکێندرا، جارێکی دیکە بە رۆحی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو شوێنێک نوێ بکەینەوە و ئازادیمان لە هەموو روویەکەوە مسۆگەر بکەین. شەهید زیلان وتویەتی، ' ئازادی پێویستی بە شەڕکردن هەیە'، بۆ ئەوەی بتوانین باش شەر بکەین پێویستە باش خۆمان رێکبخەین. کاتێک هێزی خۆمان رێکخست ئەو کاتە دەتوانین باس لە ئیرادەی بەهێزی خۆمان بکەین، بجوڵێینەوە و تێبکۆشین".

هـ . ب