کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا: پێویستە لە دژی دەوڵەتی تورک یەکبگرین

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ شەرمەزار کرد و بانگەوازیەکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ژنان کرد.

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەوڵەتی تورک  لە کۆبانێ بڵاوکردەوە کە تێیدا دوو هاوڵاتی شەهید و سێ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئیدانەی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە بەردەم بینای ئەنجومەنی دادوەری کۆمەڵایەتی لە کۆبانێ کراوە و هاتووە:"ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورک ئەو هێرشانە لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات کە تا ئێستا لە دژی ئەو هێرشانە هیچ هەڵوێستێک پیشان نەدراوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورک ئامانجی شکستهێنانی پرۆژەی دیموکراتییە لە هەرێمەکە لە رێگەی هێرش و بڕینی ئاو و سەپاندنی گەمارۆ بەمەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکە و کۆچکردنی دانیشتوان و هەڕەشە لە هەرێمەکە دەکات

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، کە دەوڵەتی تورک ژنان کردووەتە ئامانج. لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا سێ ئەندامی پێشەنگی کۆنگرەی ستار لە گوندی هەلنجێی کۆبانێ شەهید بوون.

هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان کراوە لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت کە زیان بە ژنان و کۆمەڵگا دەگەیەنێت، یەکبگرن.

ف.ق