لە ٣ شار بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی ئەنجامدرا

گەنجان لە دێرەزور، رەقا و منبج رژانە گۆڕەپانەکان، قەدەغەی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کوردیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، "تا مسۆگەرکردنی ئازادی رێبەرایەتی بەردەوام لە گۆڕەپانەکان دەبین".

لە شارەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پێشەنگایەتی گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا.

دێرەزور

رێپێوانی بە مەشخەڵ لە هەرێمی سەبا کیلۆ بە بەشداری دەیان نوێنەری یەکێتی ژنانی گەنج و بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا سازکرا. رێپێوانەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی شارەکە دەستیپێکرد و بەرەو چوارڕێیانی مەعامیل کەوتنە رێ. لەوێ ئەندامی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە کانتۆنی دێرەزور رەودە ئەلحسێن لە سەرناوی بەشداربوان راگەیەندراوێکی خوێندەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا و بەڵێنی درێژەدان بە تێکۆشان و بەرخودان لەپێناو ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، تێکشکاندنی فاشیزم و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بە گوێرەی ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیەندرا.

رەقا

رێپێوان لە گۆڕەپانی ئاگرکوژێنەوەی رەقا تا ناوەندی گەنجان بەردەوام بوو، لەوێ لەسەر ناوی گەنجانی شۆڕشگێڕ هاوسەرۆکی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێری سوریا لە رەقا لوتفیە ئەلحەسەن لێدوانیدا.

لە لێدوانەکەدا هاتوبوو: "ئێمە وەک بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی و یەکێتی ژنانی گەنج لە رەقا بەڵێن بە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و تەواوی گەلانی هەرێمەکە دەدەین کە تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەرمان و گەیاندنی ئەندێشە ئازادخوازەکانی بە تەواوی گەلان، راناوەستین".

منبج

بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە کانتۆنی منبج رێپێوانێکی بە مەشخەڵی سازکرد. لە رێپێوانەکەدا ئەندامانی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا، پارتە سیاسیەکان، ئەنجومەنە مەدەنیەکان، خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی منبج، دەستەی گەنجان و وەرز و هەروەها دانیشتوان بەشداربوون.

رێپێوانەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی فرات دەستیپێکرد و بەرەو گۆڕەپانی سەبا بەحرات کەوتنەڕێ، لەوێ هاوسەرۆکی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە کانتۆنەکە حسێن بەگاری وتی، "ئەمرۆ دانیشتوانی کانتۆنی منبج لە بەرامبەر کردەوەکان دژ بە رێبەری گەلانی ئازاد رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵساونەتە سەرپێ. ئەندێشەکانی رێبەرایەتی ئێمەیان لە تیرۆر، دەسەڵاتداری و سەرمایەداری رزگارکرد. ئێمە سزاکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی رێبەر عەبدووڵا ئۆجالان شەرمەزار دەکەین".

بەگاری بەم جۆرە بەردەوام بوو: "بە تێکۆشان و بەرخودانمان دیواری ئیمراڵی دەڕوخێنین. بە ئەندێشەی رێبەر عەبدووڵا ئۆجالان ئێمە ئازادی جەستەیی ئەو پێکدەهێنین و خۆمان لە پێناویدا بەخت دەکەین".

هـ . ب