لە عەفرین پاکتاوی نەژادی و ڕفاندن و دەستبەسەراگرتن و تۆپباران بەردەوامە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەوەتەی لە ساڵی ٢٠١٨ ـەوە عەفرینی داگیرکردووە، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی نەژادی و دەستبەسەراگرتن و ڕفاندنی مرۆڤ لەپێناو وەرگرتنی فیدیە و تۆپباران.

لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، ئەو کەسانەی لە عەفرین نیشتەجێکراون، موڵکی دانیشتوانی عەفرین دەفرۆشن کە بە زۆرەملێ ئاوارە کراون.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، کەسێک بە ناوی ئەحمەد ئەلحاجی خەڵکی چیای حس لە حەلەب، کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین نیشتەجێیان کردووە، خانوویەک لە گەڕەکی مەحمودییە ​​لە عەفرین کە هی هاوڵاتییەکە بە ناوی عیسمەت حەنان خەڵکی گوندی شێخ بلە لە شاری ڕاجۆ، بە هەزار و 500 دۆلار فرۆشتووە بە کەسێکی تر بە ناوی محەمەد میری کە ئەویش خەڵکی چیای حس‌ـە.

ئەحمەد ئەلجی لەکاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە، دەستی بەسەر ماڵەکەدا گرتبوو.

هەروەها چەتەیەکی ئەندامی گرووپی "مغاویر الشرقییە" داوای ٤ هەزار دۆلاری لە دانیشتوویەک بە ناوی جەمال حەمید کرد تاوەکو ماڵەکەی لە شەقامی نەخۆشخانەی دێرسیمی عەفرین پێ بداتەوە.

بەهەمان شێوە چەتەکانی "لیوای 112"ی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دانیشتوویەکیان بە ناوی مەنا محۆ مامۆ ناسان (40 ساڵ) خەڵکی گوندی دمیلیای شاری موباتای عەفرین ڕفاند لەکاتی گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی، لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای فیدیەیان لە بنەماڵەکەی کرد.

هەمان ڕۆژ چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" دانیشتوویەکیان بە ناوی سوبحی عەبدۆ شێخۆ (٦٠ ساڵ) لە بەردەم ماڵەکەی لە گەڕەکی مەحمودییە ​​لە عەفرین ڕفاند. بۆ ئازادکردنی، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ خێزانەکەی قسەیان کردووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، ئەگەر فیدیە نەدەن.

لە هەرێمە داگیرکراوەکانی سوریا ڕۆژانە تاوانی دڕندانە دژی دانیشتووان دەکرێت، هەروەها چەتەکان دەست دەگرن بەسەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان و ئاوارەکان.

گوندەکانی بێنە و تەنەبی ناوچەی شێراوا تۆپباران کرا. دەربارەی زیانەکان هیچ زانیارییەک نەخراوەتەڕوو.