ناوەندی ڕاگەیاند و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندەکانی منبج ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەمجۆرەیە:
"هێزەکانمان هێرشە بەرفراوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە دژی گوندەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج-یان تێکشکاند. بەرەبەیانی (٢٦ی کانوونی یەکەم) کاتژمێر ١:٠٠ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، بە پشتگیری ٢ ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری "تۆیۆتا" و ٢ تانک و زرێپۆش، هێرشی سەختیان لە دژی هەرێمی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ئەنجامدا. لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، هێزەکانمان بەرخۆدانێکی مەزنیان ئەنجامدا و وەڵامێکی توندیان دایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تا کاتژمێر ٥:٣٠ ی سەر لەبەیانی دوێنێ شەڕ و پێکدادانی توند بەردەوام بوو.
لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانمان، ٢ تانک و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی "تۆیۆتا" و تانکێک تێکشکێنران، ١٢ چەتەی داگیرکەری تورک کوژران. هێشتا تەرمی ٤ چەتە لە هەرێمەکە بەجێ ماوە.
لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی توندی هێزەکانمان، چەتەکان لە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان هەڵهاتن و خۆیان لە بینایەکی گوندی تل هێرشدا شاردەوە کە پێشتر کارگەی مریشک بووە. هێزەکانمان بە چەکی قورس چەتەکانیان بە ئامانج گرت و ئامانجەکانیان پێکا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانراوە.
یەکینەکانی شەهید هارون ٤ جار بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی شوێنی کۆبوونەوەی چەتەکانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا بەشێکی زۆریان کوژران و برینداربوون".