لە هێرشەکەی سەر قامیشلۆدا ٤ کەس شەهید بوون

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وردەکاریی تەقینەوەکەی شاری قامیشلۆیان ئاشکراکرد و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکیان بۆردومان کردووە و لە ئۆتۆمبێلەکەدا ٤ کەس شەهید بوون و ٢ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە تەقینەوەکەی گەڕەکی سەناعەی شاری قامیشلۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەم زانیاریانەی خوارەوە بڵاو کراونەتەوە:

"بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی هێزەکانمان ئێوارەی ٦ی ئاب لە کاتژمێر ١٦:٢١دا لە گەڕەکی سەناعەى شاری قامیشلۆ، فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج. لە ئاکامدا ٤ کەس، کە ٢ کەسیان منداڵ بوون شەهید بوون. ٢ هاووڵاتیی تریش برینداربوون و دۆخی بریندارەکان قورسە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان. هەروەها زیانی گەورەی دارایی بە ئۆتۆمبێلەکان و دوکانە پیشەسازییەکانی ناوچەکە گەیشتووە.

هێزەکانمان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ناساندنی ناسنامەی شەهیدان.

هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامی بێدەنگیی نێونەتەوەییە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە، کە دەکرێتە سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەکانمان".

ژ.ت